رووداو دیجیتاڵ
ماریۆ گۆتزێ، یاریزانی ئاینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی، ئاشکرایکردووە گەورەترین ئاڵنگاری لەبەردەم یاریزانانی تۆپی پێدا پاش وازهێنان لە یارییکردن، تووشبوونیانە بە خەمۆکی و گۆشەگیری و دەڵێ ئەوە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە.
گۆتزێی 32 ساڵ دەڵێ، دۆخەکە بەشێوەیەکە، پاش وازهێنان، یاریزانان دەکەونە بەردەم دێوەزمەیەکی گەورە.
گۆتزێ لە لێدوانی رۆژنامەڤانیدا باسی لەو ئاڵنگارییانە کردووە کە رووبەڕووی یاریزانان دەبێتەوە پاش وازهێنانیان لە یارییکردن. ئەو دووپاتیدەکاتەوە کە ژیانی پیشەگەرانەی یاریزان کورت و خێرایە، لە تەمەنێکی کورتدا یاریزانان دەبنە ئەستێرە و سەرنجیان دەکەوێت سەر، ناوبانگ و سامانی زۆر پەیدا دەکەن، بەڵام لەگەڵ تەواوبوونی کاروانیان لە یاریگەکاندا، زۆرینەیان رووبەڕووی ژیانێکی نوێ دەبنەوە کە دوورە لە تیشکی میدیاکان و تاریکە، زۆر جیاوازە لەو ژیانەی لەگەڵی راهاتوون، ئەوەش ئەوان رووبەڕووی خەمۆکی و چارەنووسێکی نادیار دەکاتەوە.
ئەستێرەکەی پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا ئاشکرایکردووە، گرنگترین شت لەدوای وازهێنان، بریتییە لە خۆپاراستن لە کەوتنە داوی داڕووخانی دەروونی، چونکە ژیان تەنیا بریتی نییە لە ئاڵنگاری لە رووی داراییەوە، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ دۆزینەوەی ئامانجێکی نوێ لە ژیاندا، کە ویست و پاڵنەری دەروونیی دەداتە یاریزان، هاوشێوەی ئەوەی لە یاریگەدا هەستی پێدەکرد.
گۆتزێ، پێیوایە، چارەسەر ئەوەیە کە یاریزان، پلانی زوو بۆ ژیانی دوای وازهێنان دابنێت، تاوەکو نەکەوێتە نێو بۆشایی کوشندەوە پاشئەوەی وازدەهێنێت. ئەو هەروەها باسی لە کاروانی جۆرجیۆ کیلینی بەرگریکەری ئیتاڵی کردووە کە لە تەمەنی 39 ساڵیدا وازی لە یارییکردن هێنا، بەڵام سەرکەوتوو بوو لە دۆزینەوەی ئاراستەیەکی نوێ لە ژیانی پیشەگەرییانەیدا، چونکە کاتێک یاریزانبوو، بڕوانامەی زانکۆی لە بەڕێوەبەری کاردا بەدەستهێنا.
گۆتزێ لەبارەی کیلینییەوە دەڵێ، "پێزانینم بۆ ئەو شێوازەی ئەو هەیە کە بەهۆیەوە بووە نموونەیەکی زیندوو بۆ چۆنیەتی سەرکەوتن لە بواری دیکەدا، بەبێ ئەوەی لە یارییکردن داببڕێت، هەروەها ئەوەی کە چۆن توانی ئاراستەی خۆی لە تۆپی پێوە بەرەو کارێکی دیکە ببات".
گۆتزێ دووپاتیدەکاتەوە کە تۆپی پێ، زۆر رووی جیاوازی هەیە، گۆڕانکارییە خێراکانی ژیانی یاریزانان، وەک وازهێنان، پێکانەکان و گۆڕانکارییەکانی دیکە کاریگەریی گەورە لەسەر بیرکردنەوەی ئەوان لە ژیاندا دروستدەکات.
گۆتزێ یەکێکە لە ئەستێرە دیارەکانی ساڵانی رابردووی ئەڵمانیا. لە یانەکانی بۆرووسیا دۆرتمۆند و بایرن میونشن یارییکردووە، لە 2022ەوە لە ئاینتراخت فرانکفۆرتە و پێشتر لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، نازناوی مۆندیالی 2014ی بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ