ئامەدسپۆر بردنەوەیەکی مێژوویی تۆمارکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان، بردنەوەیەکی مێژوویی لە رکابەرییەکانی خولی پلە دووی تورکیادا تۆمارکرد و بە 8 گۆڵی بێبەرامبەر لە یانەی ئوشاک سپۆری بردەوە.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 24ـی خولی پلە دووی تورکیا و لە کۆمەڵەی سووردا، یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان میوانداریی یانەی ئوشاک سپۆری کرد، تیپەکەی باکووری کوردستان ئاستێکی نموونەیی پێشکێشکرد و سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆماکرد و سێ خاڵی یارییەکەی بەدەستهێنا.
 
لە خولەکی 11 بەرک ئیسماعیل گۆڵی پێشکەوتنی ئامەدسپۆری تۆمارکرد، دوای چوار خولەک هەمان یاریزان گۆڵی دووەمی یانەکەی باکووری کوردستانی تۆمارکرد، نیوەی یەکەم بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر تەواو بوو.
 
لە نیوەی دووەمدا ئامەدسپۆر بەتەواوی یاریگەی کۆنتڕۆڵکرد و چەکدار ئورهان دوو گۆڵی تۆمارکرد، یاکال تایلان دوو گۆڵی تۆمارکرد و هەریەکە لە ڤەلی چەتین و مەرت چاپەر گۆڵێکیان تۆمارکرد، بەمەش ئامەدسپۆر بووە خاوەنی هەشت گۆڵ.
 
ئامەدسپۆر یارییەکەی بە 8-0 بردەوە و سەرکەوتنێکی مێژوویی بەدەستهێنا، بەم بردنەوەیە یانەکە بووە خاوەنی 50 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەی سوور و تەنیا دوو خاڵ لە خاوەنی پلەی یەکەمەوە دوورە.