ڤیدیۆ؛ حوسێن سەعید بۆ رووداو: هیوادارم عێراق چاو لە قەتەر بکات

رووداو دیجیتاڵ

 

حوسێن سەعید، کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق و ئەفسانەی تۆپی پێی عێراق، لە هەشتاکان و نەوەدەکاندا، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیای رووداو، هیوای خواست عێراقیش چاو لە وڵاتی قەتەر بکات لە رووی میوانداریکردن و رێکخستنی پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییە گەورەکان. گوتیشی "کەشوهەوای جامی ئاسیا بە کەشوهەوای مۆندیالی 2022ـی قەتەر دەچوو.
 
حوسێن سەعید، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، لە دوای یاریی کۆتایی جامی ئاسیا، قسەی بۆ رووداو کرد، کە ئەمە تەواوی قسەکانینە:
 
بێگومان رۆژانێکی هاوشێوەی مۆندیالی 2022ـمان بەسەربرد، مۆندیالی 2022 مۆندیالێکی پڕبوو لە رووداوی جوان و جامی ئاسیاش بەهەمانشێوە پڕبوو لە یاریی بەهێز، پڕبوو لە هاندەران، رێکۆردێکی نوێ لەبارەی ئامادەبوونی هاندەران. رێکخستن لە ئاستێکی بەرزدا بوو، بەشداریی ئەم پاڵەوانێتییە سوودی بۆ هەڵبژاردەکان هەبوو بۆ بەشداریکردن لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال. ئەمانە بە یاریی لووتکە دادەنرێن، جاری سێیەمە دوو هەڵبژاردەی عەرەبی یاریی کۆتایی بکەن. هاندەرێکی زۆر، هەشتا و هەشت هەزار هاندەر کە یاریگەیان پڕکردبوو. 
 
بۆ یەکەمجارە هاندەرانی عێراق بەو رێژە گەورەیە ئامادە دەبن. هەڵبژاردەکەمان تیپێکی بەهێزبوو، یاریی بەهێزی ئەنجامدا، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بوو لەم پاڵەوانێتییەدا ئاستی تیپەکان نەک لە یارییەکەوە بۆ یەکێکی دیکە، بەڵکو لە گێمێکەوە بۆ گێمێکی دیکە جیاواز بوو. زۆر یاریی جوانمان بینی، یەکێتییەکان ئاستی هەڵبژاردەکانیان بینی، کە دەتوانن بەو هۆکارەوە خۆیان رێکبخەنەوە بۆ پاڵاوتنەکانی مۆندیال.
 
میدیای عێراقی رۆڵێکی کارای هەبوو لە رووماڵکرنی رووداوە وەرزشییەکان. پشتیوان بەخوا عێراق چاو لە وڵاتی قەتەر دەکات بۆ رێکخستن و ئامادەبوونی هاندەرانی زۆر. پشتیوان بەخوا وڵاتەکەمان بەرەو کرانەوەی وەرزشی و سەرکەوتنی وەرزشی دەڕوات.
 
بەداخەوە هەڵبژاردەکەمان زوو دەرکرا، بەڵام یارییەکی زۆر جوانی بەرامبەر ژاپۆن ئەنجامدا، بەڵام بارودۆخی هەر یارییەک جیاوازە لەگەڵ یارییەکی دیکە، هیوادارین دەستەی راهێنەران ئەو هەڵانە چاکبکەنەوە کە تێیکەوتن و دەڵێین پیرۆزە لە قەتەر بە بۆنەی بردنەوەی نازناوەکە بۆ جاری دووەم. پیرۆزە لە هەموو هەڵبژاردە عەرەبییەکانی بەشداربوو، پشتیوان بەخوا ئەم وانانەی جامی ئاسیا هەمووان سوودی لێوەردەگرن، یەکێتییەکان، هەڵبژاردەکان، راهێنەران و یاریزانان.