ڤیدیۆ؛ چین مێسی سزا دەدات

رووداو دیجیتاڵ

دەرئەنجامەکانی بەشدارینەکردنی لیۆنێل مێسی لە یارییە دۆستانەکەی یانەی ئینتەرمەیامی لە هۆنگ کۆنگ بەردەوامن و بەهۆیەوە دوو یاریی دۆستانەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە چوارچێوەی گەشتێکیدا بۆ چین لە مانگی داهاتوودا لەلایەن دەسەڵاتدارانی تۆپی پێی ناوخۆییەوە هەڵوەشێنرایەوە.
 
یەکێتیی تۆپی پێی چین، رایگەیاند کە لە مانگی ئاداری داهاتوودا یاریی دۆستانەی ئەرجەنتین بەرامبەر بە کوتدیڤوار لە بەیجین رێکناخات.
 
ئەم هەواڵە دوای رۆژێک دێت لە هەڵوەشاندنەوەی یاریی دۆستانەی نێوان ئەرجەنتین و نایجیریا کە بڕیاربوو ئەویش لە چین ئەنجام بدرێت.
 
ئەرجەنتینی پاڵەوانی مۆندیال بە سەرۆکایەتی لیۆنێل مێسی، بڕیاربوو لە پشووی نێودەوڵەتیدا لە 18 بۆ 26ـی ئادار، گەشتێک بۆ چین بکات، کە تیایدا لە هانگژۆ رووبەڕووی نایجیریا و لە بەیجین رووبەڕووی کوتدیڤوار ببێتەوە.
 
هۆکاری ئەم بڕیارەی چینییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مێسی کە لەگەڵ یانەکەی ئینتەرمەیامی لە گەشتێکدا بوو، هاندەرانی لە هۆنگ کۆنگی تووڕەکرد کاتێک یەکشەممەی رابردوو بەرامبەر تیپێکی ناوخۆیی یاری نەکرد و لەسەر کورسی یەدەگ مایەوە.
 
مێسی ئاماژەی بەوەشکرد، لە رانیدا تووشی پێکان بووە، بەڵام دوای سێ رۆژ لە تۆکیۆ بەرامبەر ڤیسێل کۆبی بۆ ماوەی 30 خولەک یاریی کرد، ئەمەش چینییەکانی تووڕەکرد.