رووداو دیجیتاڵ
خڤیچا کڤاراستخیلیا، ئەستێرەی یانەی ناپۆلی، نزیکە لەوەی رووبکاتە ریزەکانی یانەی پاریس سانجێرمان.
یانەی پاریس سانجێرمان نزیکە لە گواستنەوەی ئەستێرەی جۆرجی و یاریزانی ئێستای یانەی ناپۆلی، کڤاراستخیلیا، بەپێی سەرچاوەکان، یانە فەرەنسییەکە لەگەڵ ئەو یاریزانە گەیشتوونەتە رێککەوتن.
بەپێی سەرچاوەیەکی ئیتاڵی، رێککەوتنی پاریس سانجێرمان و کڤارا لەسەر گرێبەستێکی 5 ساڵی بووە و یانەی پاریس سانجێرمان رازیبوون بەوەی مووچەی ئەو یاریزانە 5 ئەوەندە زیاد بکەن بە بەراورد لەگەڵ مووچەی ئێستای لە یانەی ناپۆلی کە 2 ملیۆن یۆرۆیە لە ساڵێکدا.
ئەمە لە کاتێکدایە کە کڤارا لە رێگەی بەڕێوبەرەی کارەکانییەوە ئەوەی راگەیاندووە کە دەیەوێت ناپۆلی جێبهێڵێت و بە دوای یانەیەکی نوێدا دەگەڕێت، زۆربەی گەورەکانی ئەورووپاش چاویان لە تواناکانی ئەو ئەستێرەیەیە.
یانەی لیڤەرپوول رکابەریی سەرەکی پاریسە بۆ بەدەستهێنانی کڤارا، بەڵام ئەو یانەیە هیچ دەستەوارەیەکی پێشکەش بە ناپۆلی و کڤارا نەکردووە.
ئانتۆنیۆ کۆنتی، راهێنەری ناپۆلی، دەنگۆی رۆیشتنی یاریزانەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی "هەوڵمدا کڤارا رازیبکەم بە مانەوە، بەڵام ئەو بڕیاری ئەوەی داوە کە یانەکە جێبهێڵێت و چیرۆکێکی نوێ لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا دەستپێبکات"
ئەو راهێنەرە ئیتاڵییە زیاددەکات و دەڵێت "بەڕێوبەری کارەکانی ئەو یاریزانە و یانەی ناپۆلی چارەسەرێک دەدۆزنەوە، من ناتوانم کڤارا بهێڵمەوە کاتێک ئەوە دەیەوێت ئێرە جێبهێڵێت"
کڤارا، لە وەرزی 2022/2023دا بە ئاستە ناوازەکەی سەرکردایەتی ناپۆلی کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئیتاڵی، ئەو یاریزانە لەو وەرزەدا توانی 14 گۆڵ و 14 ئەسیست بکات بۆ یانەکەی.
ئەم وەرزە، کڤارا ئاستی وەک پێویست نەبووە، ئەو یاریزانە لە کۆی 19 یاریدا، تەنیا 5 گۆڵ و 3 ئەسیستی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ