چیرۆکی ئەو هاندەرە منداڵەی نیوکاسڵ کە کامێرای یاریگا درۆیەکەی ئاشکراکرد

رووداو دیجیتاڵ

 

عیشقی تۆپی پێ تەمەن ناناسێت، تەنانەت منداڵانیش دەکەونە داوی ئەو عیشقەوە.
 
سامی سكۆت، منداڵێکی ئینگلیزی تەمەن 9 ساڵانە، عاشقی یانەی نیوکاسڵ بووە، ئەو هێندە حەزدەکات بچێتە دیار یارییەکانی یانە دڵخوازەکەی ئامادەیە درۆ بکات و لە قوتابخانە رابکات لەپێناو ئامادەبوون لە یاریگە بۆ بینینی یاریی نیوکاسڵ.
 
سامی بووەتە باس و خواسی هەموو میدیای بەریتانیا، لەبەرئەوەی بەهۆی عیشقی نیوکاسڵەوە خراپ تێکەوتووە.
 
سکۆت زۆر حەزی کردووە لەگەڵ باوکی بچێتە لەندەن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە سەیری یاریی نیوکاسڵ و ئارسیناڵ بکات، بەڵام قوتابخانەی هەبووە، چی بکات؟ چی نەکات؟ خۆی و دایکی پلانێکیان داناوە.
 
دایکی سامی پەیوەندی بە قوتابخانەی کوڕەکەیەوە کردووە و داوای مۆڵەتی نەخۆشی بۆ سامی وەرگرتووە، بەڵام سامی بەختی نەبووە و كامێرای یاریگاكە بەڕێکەوت زوومی خستووەتە سەر سامی و مامۆستایانی لە تەلەڤزیۆنەوە بینیویانە کە قوتابییەکەیان هیچ بەڵایەکی نییە و بەدڵخۆشییەوە لە یاریگادا سەیری یاری دەکات.
 
بەو هۆیەوە قوتابخانەكەی سزای داوە، بەڵام هاندەرانی یانەی نیوكاسڵ پشتوانی خۆیان بۆ هاندەرە بچووکەکەی یانەکەیان دووپاتکردووەتەوە.
 
باوكی سامی بە میدیای بەریتانیای راگەیاندووە، کە نامەیەكی زۆری پێگەیشتووە سەبارەت بەو رووداوە و لەلایەن قوتابخانەی سامیشەوە بە ئیمەیل ئاگادارکراونەتەوە کە سامی بە نەهاتوو هەژماركراوە، چونکە مۆڵەتی نەخۆشی وەرگرتووە و دەبووایە لە ماڵەو بێت نەک لە یاریگا.
 
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم بەزمەی سامی لە سۆشیال میدیا، هەڵمەتیکی پشتیوانی بۆ ئەو کوڕە دەستیپێکرد و تەنانەت هەندێک لە کەسایەتییە بەنێوبانگەکانیش پشتگیریی خۆیان بۆ سامی نیشانداوە، لەوانەش پیتەر کراوچی یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و یانەی نیوکاسڵ و لیڤەرپوول.