چیدی گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا مەحاڵ نییە
رووداو دیجیتاڵ
لە چەند کاژمێری رابردوودا پێشهاتێکی گرنگ لە دۆسێیەی گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی بۆ ئەورووپا و بەدیاریکراویش بۆ بارسێلۆنا بەدیکرا، لە کاتێکدا راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایان کرد کە ئینتەرمەیامی رازی بووە بە رۆیشتنی لیۆ لە کۆتایی وەرزی داهاتووی خولی ئەمریکادا، لەنێوان مانگی تشرینی یەکەم و کانوونی یەکەمی 2025، و تاوەکو مانگی شوباتی 2026، بۆ ئەوەی ئەو خەونەی کە هەوادارانی بلاوگرانا لەدوای رۆیشتنی ئەفسانەکەیان لە ساڵی 2021ـەوە دەیبینن، ببێتە راستی.
هەرچەندە ئەم گەڕانەوە ئەگەرییەی لیۆ بۆ ماوەیەکی کورت دەبێت، بەڵام چەندین واتای هەڵگرتووە، یادەوەرییەکانی "سەردەمی زێڕینی" بارسا دەهێنێتەوە، هەروەها دەرگا بەڕووی ئەگەری نووسینی لاپەڕەیەکی نوێ لە چیرۆکی خۆشەویستی نێوان لاپولگا و کامپ نو دەکاتەوە.
هەواڵەکان پشتڕاستیان نەکردووەتەوە کە گواستنەوەی یاریزانەکە بۆ بارسێلۆنا دەبێت، بەڵام چەند ئاماژەیەک هەن بۆ ئەوەی کە ئەم کاتە گونجاوە بۆ گەڕانەوەی یاریزانە ئەرجەنتینییەکە بۆ بلاوگرانا.
1 - گەڕانەوەی مێسی هاوکات دەبێت لەگەڵ گەڕانەوەی بارسێلۆنا بۆ کامپ نو
بارسێلۆنا بڕیارە لەساڵی 2025 بگەڕێتەوە ماڵە مێژووییەکەی کامپ نو، دوای دووبارە نۆژەنکردنەوە و گەشەپێدانی.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری هەیە گەڕانەوەی مێسی هاوکات بێت لەگەڵ ئەم رووداوە گرنگە، ئەمەش هێمایەکی تایبەت بۆ ئەو گەڕانەوەیە زیاد دەکات، ئەمەش وادەکات زیاتر کاریگەربێت بۆ هاندەران، هەروەها نوێنەرایەتی سەرەتای سەردەمێکی نوێ دەکات بۆ یانەکە بەسەرۆکایەتی ئەفسانە هەمیشەییەکەی.
2 - ئەگەری رۆیشتنی لاپۆرتا
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا رووبەڕووی هەڵمەتی "بێ متمانە" دەبێتەوە، کە دەکرێت لە پۆستەکەی دووربخاتەوە، تەنانەت ئەگەر لەم هەڵمەتەش رزگاری بێت، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە بڕیارە ساڵی 2026 ئەنجام بدرێت دەرناچێتەوە.
رۆیشتنی لاپۆرتا کە بە هۆکارێکی سەرەکی دادەنرێت بۆ دەرچوونی مێسی لە بارسێلۆنا، ئاستەنگێکی دیکەی بەردەم گەڕانەوەی لاپولگا لادەبات، هەروەها رێگە خۆشدەکات بۆ کارگێڕییەکی نوێ بۆ دووبارە دروستکردنەوەی پرد لەگەڵ ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە.
3 - خواستی مێسی و خێزانەکەی
مێسی لە زیاتر لە بۆنەیەکدا خواستی خۆی بۆ گەڕانەوەی بۆ بارسێلۆنا دەربڕیوە، لەوێ خۆی و خێزانەکەی هەست بەئاسوودەیی و سەقامگیری دەکەن.
ئەمەش دەتوانێت دەرفەتێکی تەواوبێت بۆ بەدیهێنانی ئەو خواستە، هەرچەندە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، پێش ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەی داهاتووی خۆی لە یاریکردن بدات دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئینتەرمەیامی.
4 - رێزلێنانی مێسی لەبەردەم هاندەرانی بارسێلۆنادا
مێسی دوای رۆیشتنی ئەو چانسەی بۆ نەڕەخساوە کە وەک پێویست لەلایەن هاندەرانی بارسێلۆناوە رێزی لێبگیرێت، ئەمەش راستییەکە کە هەم یاریزانەکە و هەم هاندەرانیش ئازاریان بەدەستییەوە چەشتووە.
گەڕانەوەی مێسی ئەگەر کاتیش بێت، دەرفەتی ئەوە دەداتێ ئەو رێزەی کە شایەنییەتی لە هاندەرانەوە وەربگرێت کە هەمیشە خۆشیانویستووە و پشتیوانیان کردووە، هەروەها بەشدار دەبێت لە ساڕێژکردنی برینەکان و گەڕاندنەوەی پەیوەندی نێوان ئەفسانە و هاندەران.
5 - بەهێزکردنی پێگەی بارسێلۆنا
گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی مۆڕاڵی تیپەکە و هاندەرانی یانەکە، هەروەها دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی پێگەی یانەکە لەسەر شانۆی جیهانی دوای زنجیرەیەک شکست، کە دوایینیان شکستهێنان بوو لە سەرکەوتن بۆ جامی جیهانی بەسیستەمە نوێیەکەی.
بوونی لیۆ مێسی لە کامپ نو جارێکی دیکە سەرنجی یانەکە رادەکێشێت و بەشداردەبێت لە زیادکردنی داهاتەکان، هەروەها وێنەی یانەکە باشتر دەکات دوای ماوەیەک لە پاشەکشەکردن.
لەکۆتاییدا پێدەچێت گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا تەنیا پرسی کات بێت، چونکە هەموو هۆکارەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی لیۆنێل لە ئایندەیەکی نزیکدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شارە، جا چ بۆ ئەوەی جارێکی دیکە درێسی بلاوگرانا لەبەربکاتەوە و یارییەکان ئەنجام بداتەوە یان بۆ رێزلێنان لەلایەن یانەکە و هاندەرانەوە.
ئەم گەڕانەوەیە خەونێک دەبێت بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا، کە بەتامەزرۆییەوە چاوەڕێی ئەوەن ئەفسانەی خۆیان لە یاریگای کامپ نودا جارێکی دیکە بدرەوشێتەوە.