ئەمشەو جامی سوپەری ئیسپانیا لە سعودیە دەستپێدەکات

رووداو دیجیتاڵ

بە یاری نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و ڤالێنسیا، دەستپێکی رکابەرییەکانی جامی سوپەری ئیسپانیا، جارێکی دیکە لە سعودیەوە رادەگەیێنرێتەوە.
 
لەگەڵ ئەو دوو یانەیەدا کە ئەمڕۆ یاری یەکەم ئەنجامدەدەن، بارسێلۆنا و ریال بێتیسیش بوونیان هەیە و رۆژی دواتر بەرامبەر یەک یاریدەکەن.. براوەکانی ئەم دوو یارییە، دواتر هەر لە سعودیە و لە ریازی پایتەخت، یاریی کۆتایی لەسەر جامی سوپەری ئیسپانیا ئەنجامدەدەن.
 
ریال مەدرید، لەگەڵ کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەریدا، هیواخوازە سەرەتایەکی باشی لە جامەکەدا هەبێت و جارێکی دیکە پارێزگاری لە نازناوەکەی بکاتەوە، بەڵام پیدەچێ دووەم وەرزی کارکردنی کارلۆ لەگەڵ ریال مەدرید، هیچ کاتێک هێندەی ئێستا لەژێر پرسیار و گوماندا نەبووبێت.. چونکە ئەمڕۆژانە پاڵەوانی ئەوروپا هیچ خاڵێکی پۆزەتیڤ لە ئاست و ئەنجامدا پێشان نادات و رکابەرییەکانی جامەکەش کاتێک بەڕێوەدەچێت، تارماریی چارەنووسی گەڕی یەکەمی کارکردنی کارلۆ ئەنچیلۆتی لەگەڵ ریال مەدرید، بەتەواوی بەسەر دیمەنەکەدا زاڵە، تارمایی شکست لە هەموو شتێک و بەپەلە دوورخستنەوەی کارلۆ و دەستنیشانکردنی راهێنەرێکی نوێ بۆ یانەکە.
 
ریال مەدرید کە بەر لە جامەکە لە خولدا بەرامبەر ڤیاریال شکستی هێنا. یارییەکی ئاستنزمی پێشکێشکرد و تیپەکە زیاتر لە کێشەیەکی لە ریزەکانیدا پێشاندا.. بەشدارینەکردنی هەریەکە لە ئالابا و چوامینی بەهۆی پێکانەوە لە جامی سوپەردا، هێندەی دیکە گومان لە توانای ریال مەدرید بۆ هێشتنەوەی جامەکە لای خۆی، دەهێننە ئاراوە.
 
ئەگەرچی ریال مەدرید پاڵەوانی ئەوروپا و ئیسپانیایە و تاوەکو ئێستاش لە رکابەرایەتیکردن لەسەر سەرجەم نازناوەکانی وەرزەکە بەردەوامە.. بەڵام ئەو گۆڕانکارییانەی لە تیپەکەدا روویاندا، تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە پێکهاتەکەی بەردەستی کارلۆ ئەنچیلۆتی بگەیەننەوە ئاستێک کە هاندەرانی دڵنیابن لە بردنەوەی نازناوەکان.
 
شکستەکەی سەرەتای ئەم هەفتەیە بەرامبەر ڤیاریال، زیاتر لە کێشەیەک و زیاتر لە کەموکورتییەکی لە تیپەکەدا دەرخست، بەتایبەت کە سەرجەم یاریزانەکانی ئەو یانەیە کە بەشدارییان لە مۆندیالدا، کرد، بە دەستکەوتی کەمتر لە ویست و خەونەکانی خۆیانەوە گەڕانەوە و ئەوەش وایکردووە، پەرتبوونی بیرکردنەوەی یاریزانەکان و دەرنەچوون لە کاریگەرییەکانی مۆندیال، تاوەکو ئێستا کاریگەرییەکەی، بەڕوونی بەسەر هەموو یاریزانانەوە دیار بێت.
 
ئەگەر ریال مەدرید سەرەتایەکی باش و بردنەوەی بەرامبەر ڤالێنسیا لە جامی سوپەردا نەبێت، ئەو دەنگۆیانە زیاتر لە راستی نزیکدەکەنەوە کە دەڵێن، ریال مەدرید دەیەوێت کارلیتۆ لە پۆستەکەی دووربخاتەوە و جارێکی دیکە زینەدین زیدانی ئەفسانەی یانەکە بهێنێتەوە شوێنەکەی کە پێدەچێ مەدریدیستا تاوەکو ئێستا هەر لەو پەیوەندییە سۆزدارییە بەهایەدابن لەگەڵ زیزۆ، کە بردنەوەی سێ چامپیۆنزلیگی لەسەریەکی، لێکەوتەوە.