ڤیدیۆ؛ کاساس بۆ رووداو: ئاسۆ رۆستەم شایستەی پێکهاتەی سەرەکییە

 
رووداو دیجیتاڵ

خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا دەڵێت " زۆر دڵخۆشم بە ئاستی ئاسۆ رۆستەم و رەتیدەکاتەوە کە گوتبێتی جامی کەنداو گرنگ نییە."
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە دوایین یارییان لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، کە رۆژی پێنجشەممە بەرامبەر یەمەن یارییدەکەن، خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق گوتی " حەزناکەم هیچ کەسێک هیچ قسەیەک بەناوی منەوە بکات کە نەمکردووە، پێموایە من قسەکانم روون بوون، من بە هیچ شێوەیەک نەمگوتووە کە پاڵەوانێتییەکە گرنگ نییە، مەحاڵە من بەهیچ شێوەیەک لە هیچ کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا نەمگوتووە کە جامەکە گرنگ نییە، من وتم ئەمە خۆشی و ویستە، بەڵام گوتم ئەمە ئامانجێک نییە کە دەبێ هەر بیبەینەوە و بردنەوە و نەبردنەوەی واتا ژیان و مردن، هەوڵی بردنەوەی دەدەین بە دڵنیاییەوە، بەڵام من هەرگیز نەمگوتووە کە گرنگ نییە."
 
کاساس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت " بەڵێ ئێمە دەمانەوێت بیبەینەوە بەڵام ئێمە لەسەرووی هیچ کەسێکەوە نین و لە هیچ کەسێک باشتر نین، هەموو یارییەکان گرنگن و قورسن، ئەگەر لە یەمەن ببەینەوە پێموایە ئەمە پاڵنەرێکی گەورە دەبێت بۆئەوەی باشتر بین و بگەینە دوا خاڵی پاڵەوانێتییەکە."
 
محەممەد کارێزی پەیامنێری رووداو لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا پرسیاری لە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق کرد، کە دوای تۆمارکردنی گۆڵێک بەرامبەر سعودیە، بەشێوەی سەرەکی یاری بە ئاسۆ رۆستەم دەکات؟ خیسوس لە وەڵامدا گوتی " من زۆر دڵخۆشم بە ئاستی ئاسۆ رۆستەم، بەهەمان ئاستی دڵخۆشیم بۆ هەموو یاریزانانی دیکەی هەڵبژاردەکە، ئەو ئاستەی هەمووان پێشکێشی دەکەن بەلای منەوە زۆر گرنگە، من بە یاریزانەکانم گوتووە کە هەمووان بەشداری لە یارییەکاندا دەکەن، بەڵام ئەو یاریزانانەی زۆرتر بەشداری دەکەن، دەبێ ئەو بیرۆکە و هەستە بدەن بە یاریزانەکانی دیکە، کە ئەوان دەتوانن هەموو کات ئامادەبن بۆ یاریکردن."
 
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت " ئاسۆ رۆستەم وەک زۆر یاریزانی دیکە شایستەی ئەوەیە یاریزانی سەرەکی بێت، بەڵام هەموو یارییەک لە یارییەکی دیکە جیاوازە و هەموو کات ئەو یاریزانانە دەخەمە پێکهاتەی سەرەکییەوە کە پێموایە دەتوانن ئاستی یاریکردنمان باشتر بکەن، ناشتوانم بڵێم بۆ سبەی کێ یاریدەکات و کێ یاری ناکات؟ چونکە نامەوێ هاوکاریی هەڵبژاردەی یەمەن بکەم. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو یاریزانانەی لە پێکهاتەی سەرەکیدا دەبن و ئەوانەشی دواتر بەشداری لە یارییەکەدا دەکەن، هەموویان گرنگن و جیاوازی لە پاڵەوانێتییەکەدا دروست دەکەن."