یانەی نەسڕ لەبارەی رۆناڵدۆوە روونکردنەوە دەدات

رووداو دیجیتاڵ

یانەی نەسڕی سعودی روونکردنەوەیەک سەبارەت بە هەواڵێک دەدات، کە چەند رۆژێکە میدکان باسی دەکەن و دەڵێن "بەپێی بەندێکی نێو گرێبەستی یانەی نەسڕ لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەو یاریزانە بەشداری لە دۆسیەی سعودیە بۆ میوانداریکردنی مۆندیال دەکات".
 
دوای ئەوەی یانەی نەسڕ بە گرێبەستێکی گرانبەها، کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی بردە ریزەکانی، لە میدیاکانی جیهانەوە باس لەوە کرا کە رۆناڵدۆ ماوەی 10 ساڵ لە سعودیە دەمێنێتەوە، بە جۆرێک کە دوو ساڵ و نیو یاری بۆ نەسڕ دەکات، ئینجا بەشداری لە هەڵمەتی ئەو وڵاتەدا دەکات بۆ بانگەشەکردن و داواکردنی مافی میوانداریکردنی مۆندیالی 2030، بۆ ئەوەش 200 ملیۆن یۆرۆی دیکە وەک پاداشت وەردەگرێت.
 
یانەی نەسڕ لە بڵاوکراوەیەکدا ئەو راستییەی روونکردەوە کە ئایا بڕگەیەک لە گرێبەستەکەیدا لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەیە سەبارەت بە پشتیوانی شانشینی سعودیە بۆ میوانداریکردنی مۆندیال یان نا.
 
یانە سعودییەکە لە رێگەی هەژماری فەرمی خۆیەوە لە تویتەر راگەیێندراوێکی کورتی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە "یانەی نەسڕ دەیەوێت ئەوە روونبکاتەوە کە بەپێچەوانەی راپۆرتە هەواڵییەکان، گرێبەستەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی نەسڕ هیچ پابەندبوونێکی تێدا نییە بۆ میوانداریکردنی جامی جیهانی".
 
هەروەها لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە "گرێبەستی رۆناڵدۆ هیچ پەیوەندی بە دۆسیەی سعودیەوە بۆ میوانداریکردنی مۆندیال نییە، ئامانج لە گرێبەستی رۆناڵدۆ تەنیا یارمەتیدانی یانەکەیە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنەکان".
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە مێرکاتۆی ئەم زستانەدا رووی لە یانەی نەسڕی سعودیە کرد، دوای ئەوەی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد بە رەزامەندی هەردوولا گرێبەستەکەی هەڵوەشاندەوە، ئەمەش دوای سەرهەڵدانی ناکۆکی لەگەڵ کارگێڕیی و ستافی تەکنیکی یانەکە.