ڤیدیۆ؛ جەزائیر دوور لە هاندەرانی دەیەوێت نازناوی ئەفریقا بپارێزێت

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی جەزائیر، لە یەکەم یارییدا لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، بۆ هەنگاونان بەرەو پارێزگاریکردن لە نازناوەکەی بەرامبەر سیرالیۆن یارییدەکات.
 
یارییەکە کاژێر 16:00 لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی پێنجەمدا دەکرێت، جەزائیرییەکان بەهێزێکی زۆر و ئەستێرەی بەنێوبانگەوە چوونەتە کامیرۆن بۆ ئەوەی هاوشێوەی وەشانی رابردوو بە جامی پاڵەوانێتییەکەوە بگەڕێنەوە.
 
جامی نەتەوەکانی ئەفریقا دوای مشتومڕێکی زۆر دەستیپێکرد، 24 هەڵبژاردەی کیشوەری رەش، بەهەموو ئەستێرەکانییەوە لە کامیرۆن کۆدەبنەوە، بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی گەورەترین پاڵەوانێتی کیشوەرەکە.
 
ئەوەی بۆ هەمووان چاوەڕواننەکراوە و بۆ جەزائیرییەکانیش زیاتر مایەی نیگەرانییە، ئەوەیە کە هاندەرانی جەزائیر بەهۆی ئەو رێکارانەی لە کامیرۆن گیراونەتە بەر، چاوەڕواناکرێت ژمارەیەکی زۆری هاندەری جەزائیری، پاڵەوانی وەشانی رابردووی پاڵەوانێتییەکە لەنێو یاریگەکاندا ببینرێن، وەک ئەوەی لە پاڵەوانێتی رابردوودا لە قاهیرە روویدا.
 
هاندەرانی جەزائیر لەنێو نیگەرانییەکی زۆردا بەدوای رێگەچارەیەک دەگەڕێن بۆ ئەوەی هەر چۆنێک بێت بگەنە کامیرۆن، چونکە گەشتکردن لە رێگەی فرۆکەوە زۆر قورسە، بۆیە دەکرێت لە رێگەی یەکێک لە وڵاتە ئەوروپییەکانەوە بچنە ئەو وڵاتە، لەوانەش فەرەنسا، کە ژمارەیەکی زۆری جەزائیری لەو وڵاتە دەژین.
 
ریاز محرز و هاوڕێکانی بەهەمان گروتینی پاڵەوانێتی رابردوو و بەباشترین پێکهاتەوە چوونەتە کامیرۆن بۆ ئەوەی بەرگری لە نازناوەکە بکەن، بەتایبەتیش کە بە پێکهاتەی دووەمەوە نازناوی پاڵەوانێتی عەرەبیان بردەوە.
 
ساڵی 2019 لە لە یەک رۆژدا 28 فرۆکەی جەزائیر کە پڕبوون لە هاندەری هەڵبژاردەکە چوونە قاهیرە کە ژمارەیان گەیشتە 4800 هاندەر، بەڵام بۆ کامیرۆن رەنگە ژمارەکە لە چەند سەت کەسێکیش تێنەپەڕێت، بەهۆی ئەوەی کە رێگاکانی دەریای و ئاسمانی بۆ گەیشتن بە کامیرۆن زۆر گرانن و لە رێگەی وشکانیشەوە و گەشتکردن بە ئۆتۆمبێل زۆر قورسە.
 
حەوت وڵاتی عەرەبی، جەزائیر، میسر، مەغریب، تونس، سودان، موریتانیا و کۆمۆرۆس لە پاڵەوانێتییەکەدا بەشدارن، هەڵبژاردەکانی دیکەش لە رووی هاندەرانەوە هەمان بارودۆخی جەزائیریان تووشدەبێت، بۆیەش رەنگە لە رووی ئامادەبوونی هاندەرانەوە پاڵەوانێتییەکە گەرموگوڕ نەبێت.