ڤیدیۆ؛ یاریزانێکی هەڵبژاردەی تورکیا کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد یەڵماز چەلیک، یاریزانی هەڵبژاردەی تورکیا و یانەی کۆنیا سپۆری ئەو وڵاتە، بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە کۆچی دواییکرد.
یاریزانە 27 ساڵەکە لە رووداوێکی هاتووچۆدا کە کاژێر 09:00ـی ئەمڕۆ بەیانی لە ناوچەی هاسیلار سەر بەر گولباشی روویداوە، یاریزانەکە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و بەو هۆیەوە کۆچی دواییکرد.
بەپێی هەواڵی میدیای تورکیا، گۆڵپاێزەکە بەهۆی تیژرووییەوە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە، دوای چەند خولەکێکیش لە رووداوەکە، تیمی پۆلیس و فریاکەوتنی خێرا گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام هەر لەوێ ئەحمەد گیانی لەدەستداوە.
میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، لەو رووداوەدا ئەحمەد چەلیک بەتەنیا بووە و کەسی لەگەڵ نەبووە.
یانەی کۆنیا سپۆری تورکی بەو بۆنەیەوە پەیامێکی سەرەخۆشیی بڵاوکردەوە و نووسیوویەتی " بە خەمبارییەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی ئەحمەد چەلیک، یاریزانی یانەکەمان رادەگەیێنین، بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە هاندەران و شارەکەمان دەکەین، چەلیک لە رۆژی یەکەمی پەیوەندیکردنی بە یانەکەوە خۆشەویستی خۆی بۆ یانەکە دووپاتکردەوە، سەرەخۆشی لە هەمووان دەکەین، بەتایبەتیش خانەوادەی یاریزانی تۆپی پێ ئەحمەد چەلیک."
ئەحمەد یەڵماز چەلیک، لە 26-2-1994 لە ناوچەی گولباشی ئەنقەرە لە دایکبووە، لە کاروانی یارییکردنیدا بۆ یانەکانی گەنجلەر بیرلیگی، گاڵاتەسەرای و کۆنیا سپۆر یارییکردووە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چەلیک بۆ هەموو هەڵبژاردە جیاوازەکانی تورکیا یارییکردووە، لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی یەکەم لە 2015 تاوەکو 2017 بەدرێسی هەڵبژاردەکەوە 8 یاریی ئەنجامداوە.