لیڤەرپوول ئامادەیە 50 ئەوەندەی بارسێلۆنا پارە بداتە گاڤی

رووداو دیجیتاڵ

 

بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە بەریتانیا، یانەی لیڤەرپوول ئامادەیە مووچەیەک بداتە گاڤیی یاریزانی لاوی بارسێلۆنا، کە 50 جار ئەوەندەی ئەو مووچەیەیە کە ئێستا لە بارسا وەریدەگرێت.
 
گاڤی، کە تەمەنی هێشتا 17 ساڵە، سەرنجی راهێنەرانی زۆر لە یانە گەورەکانی ئەوروپای راکێشاوە، بەتایبەتیش یۆرگن کڵۆپی راهێنەری ئەڵمانیی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، کە سوورە لەسەر گرێبەستکردن لەگەڵ دەرچووی ئاکادیمیای لاماسیا.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، یانەکەی کڵۆپ ئامادەیە مووچەیەکی هەفتانە بە بڕی 80 هەزار 
پاوەند بداتە گاڤی، کە دەکاتە 96 هەزار یۆرۆ لە هەفتەیەکدا، لە کاتێکدا بەپێی سەرچاوەکانی ئیسپانیا، ئەو یاریزانە لاوە ئێستا مووچەی هەفتانەی لە بارسێلۆنا تەنیا 1600 پاوەندە.
 
ئەو یاریزانەی یانەی بارسێلۆنا، کە دەگوترێت داهاتووی لە کەتەلۆنیایە، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 50 ملیۆن یۆرۆیە، کە دەکاتە 41.7 ملیۆن پاوەند، بەڵام لەبەرئەوەی دۆخێکی دارایی زۆر خراپدایە، ئەگەری هەیە بارسا سوود لە فرۆشتنی گاڤی وەربگرێت.
 
ئەو ئەستێرە لاوە، ساڵی 2015 پەیوەندی بە ئەکادیمیای لاوانی بارسێلۆناوە کردووە، کە تەمەنی 11 ساڵ بوو، ئەو یەکەم گرێبەستیی پیشەگەریی خۆی لەگەڵ یانەکەی لە مانگی 9ـی 2020 واژۆکرد، لە 2021ـیش بۆ تیپی یەکەم سەرخرا، تەنانەت بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئیسپانیاش کرا.
 
یۆرگن کڵۆپ دەیەوێت چەند یاریزانێکی لاو لە ئێستاوە بکاتە بناغە بۆ داهاتووی لیڤەرپوول، کە پێیوایە گاڤیش لەگەڵ هارڤی ئیلۆتی تەمەن 18 ساڵ، تایلەر مۆرتۆنی تەمەن 18 ساڵ و کۆنۆ برادلیی تەمەن 17 ساڵان دەتوانن داهاتووی رێدز مسۆگەر بکەن.