مانچێستەر بەمەرج دەستبەرداری پۆگبا دەبێت

رۆژنامەکانی بریتانیا ئاشکرایان کرد، دوای دەستبەکاربوونی وەکو راهێنەری نوێی یانەی پاریس سانجێرمان، ماوریسیۆ پۆچێتینیۆ، داوای لە بەرپرسانی یانە فەرەنسییەکە کردووە،  کە پۆڵ پۆگبای ئەستێرەی یانەی مانچێستەر یونایتد بۆ ریزەکانی پاریس سانجێرمان بگوازنەوە

ئەمە لە کاتێکدا یانە ئینگلیزییەکە بەمەرجێک ئامادەیە دەستبەرداری لە تواناکانی پۆگبا ببێت کە لە بەرامبەردا 75 ملیۆن پاوەن بەدەستبهێنیت. 

لە ماوەی رابردوودا هەریەکە لە یانەکانی ریال مەدرید و یوڤێنتوس، یاریزانە تەمەن 27 ساڵییە فەرنسییەکەیان کردبووە ئامانج کە لە مێرکاتۆی هاوینە بۆ ریزەکانیان بیگوازنەوە، ئێستا پاریس سانجێرمانیش هاتووەتە سەر هێڵ و پۆگبای دەوێت.

بە گوێرەی لێدوانەکانی ئەم دواییەی مینۆ رایۆلای جێبەجێکاری کارەکانی پۆگبا، ئەستێرە فەرەنسییەکە دوایین وەرزی خۆی لە ئۆڵدترافۆرد بەڕێدەکات، چونکە لە دوایین لێدوانیدا لە دیسەمبەری 2020، مینیۆ رایۆلا ئاشکرایکرد کە ئەمە دوایین وەرزی پۆگبایە لەگەڵ یانەی مان یونایتد.

ماوەی گرێبەستەکەی پۆڵ پۆگبا تەنیا ساڵێک و شەش مانگی ماوەی کۆتایی بێت و تاوەکو هاوینی 2022 ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر بەردەوام دەبێت، بەڵام بەنیاز نییە لەگەڵ مانچێستەر بەردەوام بێت.