دیشامپ ناچاردەکرێت بنزیما بگەڕێنێتەوە هەڵبژاردەی فەرەنسا"

رووداو دیجیتال

بەربژێرێکی پۆستی سەرۆکایەتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەزۆر دیدێ دیشامپی راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا ناچاردەکات جارێکی دیکە کەریم بنزیمای هێرشبەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بگەڕێنێتەوە ریزەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا، ئەگەر بێتوو لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەستبێنێت.

هەندێک لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە تاوەکو ئەمڕۆ دەرگاکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا بە تەواوی بە رووی کەریم بنزیمادا داخراون و گرنگ نییە ئەو ئێستا باشترین هێرشبەری ئەو وڵاتە بێت یان لە هەموو یاریزانەکانی دیکە زیاتر گۆڵ تۆماربکات و دەڵێن "بنزیما سەرەڕای ئەو ئاستە بەرزەی بە درێسی ریال مەدریدەوە پێشکەشی دەکات، بەهۆی دۆسیەی ماتیۆ ڤالبوێناوە بانگهێشتی هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکان ناکرێت".

لەگەڵ هەموو ئەوانەدا هێشتا ئەگەرێک بۆ ئەوە هەیە بنزیما جارێکی دیکە یاری بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بکاتەوە، ئەگەر سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا گۆڕا، کە لەڕاستیدا بەربژێرێک بۆ ئەو سەرۆکایەتییە بەئاشکرا دان بەوەدا دەنێت کە ئەگەر لە هەڵبژاردندا سەرکەوتووبوو، دیدێ دیشامپ ناچاردەکات بنزیما بانگهێشتی هەڵبژاردەکەی بکات.

میشێل مولین، بەربژێری سەرۆکایەتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا، لە لێدوانێکدا راشکاوانە گوتی "دیشامپ کارمەندی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسایە، ئەگەر پێویست بکات پێیبڵێین بنزیما پێویستە یاری بکات دەیکەین، منیش دیشامپ ناچاردەکەم بنزیما بگەڕێنێتەوە ریزەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا ئەگەر توانیم لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەستبێنم".

میشێل مۆلین دوودڵ نەبوو لە رەخنەگرتن لە نوێل لو گرێتی سەرۆکی ئێستای فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا و گوتی "بەداخەوە ئەو دادپەروەر نەبوو لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی کەریم بنزیما".