ماوەی پێکانەکەی دیبالا ئاشکرا کرا

 

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیتاڵیا ماوەی دوورکەوتنەوەی پاولۆ دیبالای ئەستێرەی یانەی یۆڤێنتوس ئاشکرا دەکەن، دوای ئەوەی لە گەڕی 17ی سێریا ئەی لە یاریی یانەکەی بەرامبەر ساسۆلۆ دووچاری پێکان بوو، 

پشکنینە پزیشکییەکان دەریانخستووە، دیبالا بە سووکیی لەلاتەنیشتی ئەژنۆی چەپی تووشی پێکان بووە، کە پێشبینی دەکرێت بۆ ماوەی 15 تاوەکو 20 رۆژ لە یاریکردن بێبەش بێت، بەمەش لە دوو یاریی داهاتووی یانەکەی بەرامبەر ئینتەرمیلان و ناپۆلی یاریی ناکات.

یاریی داهاتووی یوڤێنتۆس چارەنووسسازە، یەکشەممەی داهاتوو بەرامبەر ئینتەرمیلان لە لووتکەی خولی ئیتاڵی رووبەڕوو دەبنەوە، پاشان لە فایناڵی جامی سوپەری ئیتاڵی لە 20ی ئەم مانگە، بەرامبەر ناپۆلی یاریی دەکات. 

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیتاڵیا باس لەوە دەکەن، پێکانەکەی دیبالا کێشەی زۆری بۆ پێرلۆی راهێنەر دروست کردووە، چونکە ناتوانێ یاریزانە لاواوەکان وەکو شوێنگرەوەی دیبالا بانگهێشتی ئەو دوو یارییە گرنگە بکات، ئەمە لە کاتێکدا سێ یاریزانی گرنگی یانەکە  بەهۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا خۆیان کەرەنتین کردووە، کە پێکهاتوون لە یاریزانان ماتیاس دیلێخت، کوادرادۆ و ئەلێکس ساندرۆ.

لەلایەکی دیکەوە هەواڵی دڵخۆشکەر بۆ ئاندرێ پیرلۆی راهێنەر ئەوەیە کە پێشبینی دەکرێت هەریەکە لە فیدریکۆ کێزا و ویستۆن ماکینی ئامادەی ئەو دوو یارییە گرنگەی یانەکەیان ببن، دوای ئەوەی لە یاریی رابردووی نێوان یوڤی و ساسۆلۆ تووشی پێکان بوون.