له‌ له‌نده‌نه‌وه‌ پرێمه‌رلیگ گڕده‌گرێت

11-01-2020
سه‌فین ته‌ها @safintaha
نیشانەکردن تۆتێنهام لیڤه‌رپوول
A+ A-

رووداو ـ هه‌ولێر

درێژەدان بە مووشەکبارانکردنی یانەکانی پرێمەرلیگ لەلایەن یانەی لیڤەرپوولەوە بەردەوام دەبێت یان لێرەدا ستۆپی پێدەکرێت؟ لێرەدا ئیدی تاقیکردنەوەکان قورس و قورستر دەبن.

ئەمشەو یارییەکی گرنگ و ئاگریین، لە خاکی لەندەن هەردوو یانەی تۆتێنهام هۆتسپێرد و لیڤەرپوول بەرامبەر یەکدی دەوەستن، لەو یارییەی کە رەنگە یەکەم وەستانی لیڤەرپوول ببینرێت، یانیش مۆرینیۆ دەبێتە قوربانییەکی دیکەی دەستی مووشەکەکانی کڵۆپ و کوڕەکانی.

یارییەکە لە کاژێر 20:30 لە یاریگەی نوێی یانەی تۆتێنهام بەڕێوەدەچێت، لەو یارییەی کە سپێرز بەبێ هاری کەینی سەرکردە و گۆڵکەر میوانداری تیپێکی زەبەلاح و تۆقێنەر دەکات.

مۆرینیۆ بۆ یەکەمجار لەم وەرزەدا بەرامبەر کڵۆپ یاری دەکات، یەکەمجارە بە تیپێکی تەواو جیاوازەوە یارییەکە دەکات، ئەو مێژوویێکی رەشی بۆ هاندەرانی لیڤەرپوول دروستکرد، ئەوکاتەی ساڵی 2014 و لە رووداوە مێژووییەکەی خزینی جێرارد و گۆڵەکەی دێمبابا کە نازناوی پرێمەرلیگ لەسەر دەستی مۆرینیۆ لە لیڤەرپوول سەندرایەوە و درایە مان سیتی، بەڵام ئایا مۆرینیۆ دەبێتە یەکەم کەس لەم وەرزەدا کە لە لیڤەرپوول و کڵۆپ بباتەوە؟ 

لە تیپەکەی مۆرینیۆدا هاری کەین و موسا سیسۆکۆ بەهۆی پێکانەوە تا مانگی چوار ناگەڕێنەوە، ئەمە جیا لەوەی هۆگۆ لۆریس و ئێندۆمبڵیش پێکانیان هەیە.

لیڤەرپوولیش لەلایەن خۆیەوە لە توانای جەیمس میلنەر بێبەشە و تا دوو یاری دیکە ناگەڕێتەوە، نابی کایتا و ماتیپیش پێکانیان هەیە، ئەمە جگە لە فابینیۆ و لۆڤرین کە پێکانەکانیان هەفتەی داهاتوو چاکدەبنەوە، بەڵام شێردان شاقیری گەڕاوەتەوە مەشقەکان.

مێژووی نزیکی سپێرز لەگەڵ لیڤەرپوول زۆر خراپە، لە دوایین 14 یاریدا تەنیا یەک بردنەوەی بەدەستهێناوە ئەویش دوو ساڵ بەر لە ئێستا بوو، لە ماوەی حەوت مانگی رابردووشدا لیڤەرپوول دوو بردنەوەی لەسەریەکی بەسەر تیپەکەی پێشووی پۆچیتینۆدا هەبووە کە یەکێکیان فایناڵی چامپیۆنزلیگ بوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە