بەفەرمی.. راهێنەری پێشووی دهۆک بووە راهێنەری هەڵبژاردەی سووریا

رووداو-هەولێر 

دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر بە هەڵبژاردەی ئوردن و زەحمەتبوونی ئەرکی هەڵبژاردەکە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی سووریا بێرند شتانگەی راهێنەری هەڵبژاردەکەیان لە پۆستەکەی دوورخستەوە.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی سووریا هەر دوای یارییەکە بە چەند کاژێرێک لە بڵاوکراوەیەکەدا ئەوەیان راگەیاند کە راهێنەرە ئەڵمانییەکەیان دەرکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە یاری یەکەمدا بەرامبەر بە فەڵەستین نەیانتوانی براوەبن و 0-0 یەکسان بوون، لە یاری دووەمیشدا بەرامبەر بە هەڵبژاردەی ئوردن بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر کرانەدەرەوە.

فەجر ئیبراهیم

فیدراسیۆنەکە ئەوەشیان ئاشکراکرد کە فەجر ئیبراهیمی راهێنەری سووری کە پێشتر چوار جار راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی سووریای کردووە، پۆستی راهێنەریەتی هەڵبژاردەکە دەگرێتەوە دەست.

فەجر ئیبراهیم سەرلەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتە شاری عەینی ئیمارات و سەرپەرشتی مەشقەکانی سووریا دەکات بۆ یاری داهاتوویان کە چارەنووسسازە بەرامبەر بەهەڵبژاردەی ئوسترالیا، ئەو راهێنەرە دووجار لە عێراق راهێنەرایەتی کردووە، جاری یەکەم لە یانەی دهۆک 10 مانگ راهێنەر بووە، ساڵێکیش راهێنەری یانەی مینای عێراقی بووە، دوایین مەشقدانەوەشی لە یانەی کێلانتانی مالیزی بووە، ئەوەشی سەیرە لەسەرجەم یانەکاندا زیاتر لە ساڵێک لە پۆستەکەیدا نەماوەتەوە.

بێرند شتانگەی ئەڵمانی کە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە