لوتکەی هەفتەی 18ی لالیگا بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید کۆدەکاتەوە

11-01-2015
رووداو وەرزشی
رووداو
رووداو
نیشانەکردن لالیگای ئیسپانیا
A+ A-

یاریگەی کامپنو دەبێتە مەیدانی یەکلاکەرەوەی ریزبەندی دووەم و سێیەمی ئێستای لالیگای ئیسپانیا، کاتێک بارسێلۆنا میوانداری ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات لە گەڕی هەژدەیەمی خولەکە.

وەرزی رابردوو ئاتلێتیکۆ لەسەر پشتی بارسا پەڕیوەو  بووە پاڵەوانی لالیگا لە دوای 18 ساڵ، بە ورەیەکی پۆڵاین و وەرگرتنی سێ خاڵ روو دەکاتە کامپنو ، ئەو کامپنویەی کە چوار یارییە 98 هەزار هاندەری بارسا سروودی سەرکەوتنان بەسەر رۆخیبلانکۆسدا نەچڕاندووە.

ئاتلێتیکۆ لە شەش یاریی رابردوویدا لە کاڵدیرۆن و کامپنۆ تەنیا جارێک بەسەر بارسەدا سەرکەوتووەو پێنج جاریش یەکسان بووە، دەیەوێ سوودلەو بارودۆخە ئاڵۆزەی ئێستای بارسا وەربگرێ و بە سێ خاڵەوە بگەڕێتەوە مەدرید.

ئێستا سیمیۆنی شێخێکە یاریزانەکانی وەک مورید یاریی بۆ دەکەن و بە پێکهاتەیەکی تەواو و بێ پێکان و کەموکوڕی هێنانی چەند یاریزانێکی نوێ و بەسەرکردایەتی فێرناندۆ تۆریس روودەکاتە بارسێلۆنا ئەو تۆرێسەی شەش جار تۆڕی گۆڵی بارسای هەژاندووەو هەروەها سێ بردنەوەی پێشکەشی رۆخیبلانکۆس کردووە.

چاودێرانی وەرزشی پێیان وایە ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئاتلێتی کە سەرکەوێ بەسەر بارسادا.

بارسێلۆنا کە ئێستا بە بارودۆخێکی خراب و ئەنجامی نەخوازیار و کێشەی نێوان ئێنێرکی راهێنەر و میسی و نەیمار و چەند یاریزانێکی دیکە و سەرشێواوی راهێنەر لە نەدۆزینەوەی پێکهاتەیەکی جێگیر لە دوای 26 یاریی بەڵام بە پاڵپشتی نزیکەی سەد هەزار هاندەر لە کامپنو رووبەڕووی ئاتلێتیکۆ دەبێتەوە.

بارسا بەسەرکردایەتی لیۆنێل میسی کە 17 جار تۆڕی ئاتلێتی هەژاندووە، بەڵام سێ یارییە نەتوانیوە بەرامبەر ئاتلێتیکۆ ئاهەنگی گۆڵ تۆمارکردن بگێڕێت، دەیەوێ کێشە و برینەکانی خۆی و یانە و هاندەرانی بە رۆخیبلانکۆس تیمار بکات، بەڵام ئەگەر ئێنێرکی لە پێکهاتەکەی یارییەکەدا  دایبنێت.

ئێنێرکی راهێنەر کە ئێستا فشارێکی زۆری یاریزانان و هەواداران و کارگێڕی یانەکەی لەسەرە لەسەر ئەنجامە نەخوازراوەکانی هەوڵ دەدات لەو یارییە بەهێزە سەرکەوتن بەدەستبێنێت بۆ ئەوەی دڵگرانی دڵرەنجاوەکانی بڕەوێنێتەوەو لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبداتەوە، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەمە بکات و بەپێچەوانە بۆوە لەوانەیە یارییەکە بۆ ئەو ببێتە سەرەخۆرەو لە کارەکەی دوربخرێتەوە.

چاودێران و هەوادارانی هەردوو یانە لەسەرانسەری جیهان بە پەرۆشەوە چاوەڕیی یارییەکە دەکەن و زۆرترین پێشبینی شیکەرەوانی وەرزشی رۆژنامەکانی ئیسپانیا بۆ یارییەکە یەکسان بوونە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە