رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی رۆژنامەڤانی ئاشکرای دەکات کە ئەستێرەیەکی گەورە، تا راددەی پاڕانەوە داوا لە بەرپرسانی بارسێلۆنا دەکات بیبەنە یانەکەیان.
پێشهاتی نوێ لە ئارادان سەبارەت بەگرێبەستێکی گەورە کە لە پلانی بارسێلۆنادایە بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی خولی ئیسپانیا.
بارسێلۆنا بە کۆکردنەوەی 38 خاڵ پێشەنگی ریزبەندیی خولی ئیسپانیای گرتووە و بە دوو خاڵ لە پێش ریال مەدریدەوەیە کە نزیکترین رکابەرییە، بەڵام یارییەکی دواخراوی بەرامبەر ڤالێنسیا ماوە.
لەسەرەتای ئەم وەرزە بارسێلۆنا، پاو ڤیکتۆری ئەستێرەی جیرۆنای هێنایە ریزەکانی و شانبەشانی دانی ئۆلمۆ ئەستێرەی ئەڵمانیی پێشووی لایپزیگ، دواتر گرێبەستی لەگەڵ ڤۆیچێک چێزنی، گۆڵپارێزی پۆڵەندی کرد، پاش ئەوەی مارک تێرشتیگنی گۆڵپارێزی یانەکەی تووشی پێکان بوو.
رۆژنامەڤان تۆنی خوانمارتی، لە رێگەی ئەکاونتەکەیەوە لە پلاتفۆرمی ئێکس، نووسیویەتی "نێکۆ ویلیامزی ئەستێرەی ئیسپانیی یانەی ئاتلێتیک بیلباو داوا لە بەرپرسانی بارسێلۆنا دەکات لە ماوەی داهاتوودا بیبەنە ریزەکانی بلاوگرانا".
بارسێلۆنا لە سەرەتای وەرزدا هەوڵیدا نیکۆ ویلیامزی یاریزانی باڵی چەپی ئاتلێتیک بیلباو بگوازێتەوە ریزەکانی، دوای ئەوەی لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2024 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، کە نازناوەکەی بەدەستهێنا، درەوشایەوە و ئاستێکی سەرنجڕاکێشی پێشکەش کرد.
لەو کاتەدا ویلیامز ویستی خۆی نیشان نەدا بۆ ئەوەی پەیوەندی بە بارسێلۆناوە بکات، بەڵکو پشتڕاستی کردەوە کە ئامادەیە سەرکردایەتی بیلباو بکات لە یۆرۆپالیگدا و ئەوکات گوتی "بەڵێنم بە ئینیاکی برام داوە کە پێکەوە بەشداری لە یۆرۆپالیگدا بکەین".
خوانمارتی ئاماژەی بەوەدا کە ئێستا هاوکێشەکە پێچەوانە بووەتەوە، چونکە یاریزانەکە خواستێکی زۆری هەیە بۆ پەیوەندیکردن بە یانە کەتەلۆنییەکە لە گواستنەوەکانی هاوینەی داهاتوودا، بەڵام بەرپرسانی بارسێلۆنا پەلە ناکەن لە بڕیاردان سەبارەت بە گرێبەستەکەی نێکۆ ویلیامز، ئەوان تاوەکو هاوینی داهاتوو هەموو شتێک لەو بارەیەوە لەبیردەکەن، بەتایبەتی بەهۆی بوونی چەندین بژاردە لە هێڵی هێرشبەریدا.
جەختیشی لەوە کردەوە کە درەوشاوەیی رافینیای بەرازیلی وایکردووە بارسێلۆنا جارێکی دیکە بیر لەو گرێبەستە نەکاتەوە، بەتایبەتی کە نیکۆ ویلیامز لەم وەرزەدا باشترین ئاستی خۆی پێشکەش ناکات.
ئەم وەرزە یاریزانی باڵی تەمەن 22 ساڵیی ئاتلێتیک بیلباو، تەنیا دوو گۆڵی تۆمارکردووە و پێنج ئەسیستیشی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ