ڤیتۆر رۆکی: ڤینیسیۆس جۆنیۆر منی رزگارکرد

10-12-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ڤیتۆر رۆکی یانەی بارسێلۆنا ڤینیسیۆس جونیۆر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ڤیتۆر رۆکی، هێرشبەری بەرازیلیی یانەی ریال بێتیسی ئیسپانی، ئاشکرایکرد لە یانەی بارسێلۆنا بەدۆخێکی یەکجار قورسدا تێپەڕیوە و نزیکبووە لەوەی بەیەکجاری بگەڕێتەوە بەرازیل. ئەو دەڵێ لە کۆتاییدا ڤینیسیۆس جۆنیۆر بووە نموونەی باڵام و منی رزگارکرد.
 
رۆکی زستانی رابردوو پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کرد. گرێبەستەکە لەلایەن میدیای کەتەلۆنیاوە سەرنجی زۆری خرایە سەر و بەکارێکی مەزن و ناوازە دانرا، بەڵام زۆری نەبرد هەمووان بێئومێدبوون و ئەو یاریزانە هاوینی رابردوو پەیوەندی بە ریال بێتیسەوە کرد بەشێوەی خواستن.
 
رۆکی لەلایەن چاڤی هێرناندێزی راهێنەری پێشووی بارسێلۆناوە پشتگوێخرا و کەوتە دۆخێکی خراپەوە. ئەو یاریزانە لە دوایین یاریی ریال بێتیس بەرامبەر بارسێلۆنا، گۆڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی لە لێدانی سزاوە تۆمارکرد.
 
بارسێلۆنا لە هاویندا دەیویست رۆکی بداتە یانەیەکی خولی سعودیە، بەڵام هیچ یانەیەک بۆ ئەو یاریزانە نەهاتە سەر هێڵ.
 
رۆکیی تەمەن 19 ساڵ، لە دوایین چاوپێکەوتندا ئاشکرایکردووە، "نرخی هاتنم بۆ بارسێلۆنا وایکرد گوشاری زۆرم لەسەر دروست بێت، کارەکە وەبەرهێنانێکی گەورە بوو، من نەمتوانی هاوکاریی تیپەکە بکەم بەو شێوەیەی خۆم دەمویست".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "هیواخوازبووم کاتی زیاترم هەبێت بۆ گونجان لەگەڵ یانەکە و یاریزانەکانی، بەڵام کارەکە بەپێی ویستی من بەڕێوەنەچوو، ئەوەش بۆ من بووە وانەیەکی باش لە ژیاندا".
 
هێرشبەرە بەرازیلییەکە، لە رەخنەگرتن لە یانەی بارسێلۆنا بەردەوامە بەهۆی ئەو زەحمەتییانەی لەو یانەیە رووبەڕوویان بووەوە.
 
ئەو دەڵێ، "دووچاری دڵەڕاوکەیەکی گەورەبووم، لە کاتێکدا من پێشتر بەخەونێکی گەورە و دڵخۆشییەکی زۆرەوە رووم لە بارسێلۆنا کرد، هەموو کات دەمویست درێسی بارسا لەبەربکەم و چێژ لە یارییکردن لە چامپیۆنزلیگ وەربگرم".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "هەستم بەدڵەڕاوکەیەکی زۆرکرد، لە دۆخێکی قورسدا ژیام، کاتێک هەست بەدڵخۆشی ناکەیت، ئیدی متمانە لەدەستدەدەیت، کارەکە بەباشی بەڕێوەنەچوو".
 
ئەو دانیبەوەداناوە کە نزیکبووە لەوەی بەیەکجاری بگەڕێتەوە بەرازیل، بەڵام بەهۆی ڤینیسیۆسەوە لە دۆخەکە رزگاری بووە.
 
روونیدەکاتەوە، "بیرم لە گەڕانەوە بۆ بەرازیل و هەستکردنەوە بەدڵنیایی لەوێ دەکردەوە، گوشاری سەرم زۆر زۆر بوو، بەڵام دەبوو ئارام بم و مێشکم بەهێز بێت و بەردەوام بم لە کارکردن بۆ سەقامگیرکردنی دۆخەکەم".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "هەندێکجار کە زۆر بێئومێد دەبووم و حەوسەڵەم نەدەما، بەڕێوەبەری کارەکانم پێیدەگوتم تەماشای ڤینیسیۆس بکە، ژیان بریتییە لە هەوڵدان و جەنگان، ڤینی ژیانی ئاسان نەبوو کاتێک هاتە مەدرید، قورسیی و ناڕەحەتیی زۆری بینی، بەڵام ئێستا بەرهەمەکەی دەچنێتەوە، چونکە ئارامی گرت".
 
رۆکی دڵخۆشە بەو ئاستەی ئێستا ڤینیسیۆس پێی گەیشتووە.
 
ڤیتۆر رۆکی لە 12 یاریی ریال بێتیسدا بەشدارییکردووە و سێ گۆڵی تۆمارکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە