رووداو دیجیتاڵ
جیانپیێرۆ گاسپێرینی، راهێنەری یانەی ئاتاڵانتا بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر یانەی ریال مەدرید دەڵێت "بەرامبەر ریال مەدرید هیچ تیپێک بەربژێر نییە بۆ بردنەوە و ئەنچێلۆتیش باشترین راهێنەری جیهانە."
راهێنەری یانە ئیتاڵییەکە بەر لە یارییەکەی ئەمشەویان لە گەڕی شەشەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "پێموانییە بەرامبەر ریال مەدرید هیچ تیپێک بەربژێری بردنەوە بێت. لە تۆپی پێدا گرنگ نییە کێ بەربژێرە بۆ بردنەوە و کێ بەربژێر نییە. ئێمە دەزانین کە یارییەکی گرنگ لە چامپیۆنزلیگ ئەنجامدەدەین لەپێناو دۆخمان لە خشتەی خولەکەدا. بۆ ئەوانیش هەر وایە."
گاسپەرینی زیاتر قسەیکرد و دەڵێت " ئێمە لە بێرگامۆ یارییدەکەین لە یاریگەی خۆماندا. یارییەکی نایاب دەبێت و هەلێکی نایابە بۆ دانیشتووانی شارەکە لەبەرئەوەی لە یاریگەکەیاندا پێشوازی لەو تیپە دەکەن کە زۆرترین نازناوی لە جیهاندا بردووەتەوە و بۆ ئەوان زۆر شت ئێستا لەسەر مەحەکە."
جیانپێرۆ لەبارەی کارلۆ ئەنچێلۆتییەوە بە رۆژنامەڤانانی گوت "لەبارەی دەکرێ بڵێین ئەنچیلۆتی باشترین راهێنەری جیهانە، نەک تەنیا لەبەر ئەو نازناوانەی لە رابردوودا بەدەستیهێناون، بەڵام لەبەرئەوەش کە ئێستا دەیکات لە سەرەتای وەرزەی رابردووەوە تاوەکو ئێستا. من نائومێدبووم کاتێک بینیم ئەو نەچووە پاریس بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین راهێنەری جیهان، لەبەرئەوەی ئەوە رێزلێنان نەبوو لە کاروانی پیشەگەرییانەی ئەو، ئەوە خەڵاتێکە ئەو پێشتر چەندینجار بەدەستیهێناوە، بەڵام رێزلێنانبوو بۆ نوێترین سەرکەوتنی ئەو لە کاروانی خۆیدا."
ئەمشەو یاریی نێوان هەردوو یانە لە یاریگەی ئاتاڵانتا لە بێرگەمۆ بەڕێوەدەچێت، ئەمە چوارەم رووبەڕووبوونەوەی هەردوو یانەیە و پێشتر ریال مەدرید هەرسێ یاریی رابردووی لە یانە ئیتاڵییەکە بردووەتەوە و ئاتاڵانتا هیچ بردنەوەیەکی بەرامبەر یانەی شاهانە نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ