فەنەرباهچە تەقەی تێکەوت و مۆرینیۆ نزیکە لە دەرکردن

 
رووداو دیجیتاڵ
 
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی فەنەرباهچەی تورکی رووبەڕووی پشێوی و دۆخێکی نالەبار بووەتەوە لە یانەکەی و سەرچاوەکان دەڵێن، دوورخستنەوەی مۆرینیۆ لە پۆستەکەی، لە ئانوساتدایە.
 
مۆرینیۆی 61 ساڵان، کە لە سەرەتای وەرزی ئەمساڵدا مەشقدانی فەنەرباهچەی وەرگرت، لە دوای شکستی یانەکەی بەرامبەر بێشکتاشی رکابەریی کلاسیکییەوە، رووبەڕووی لێشاوی رەخنەی زۆر بووەتەوە و سەرچاوەکان باس لە کۆتایی هاتنی پەیوەندی ئەو راهێنەرە و یانەکەی دەکەن.
 
ماڵپەری 'فوت مێرکاتۆ'ی فەرەنسی تیشکی خستووەتە سەر دوایین پێشهات لە یانەی فەنەرباهچە، لە کاتێکدا مۆرینیۆ بڕیاربوو بۆ دوو وەرز لەگەڵ یانەکە بەردەوام بێت.
 
ماڵپەرەکە ئاشکرایکردووە ئامانجی گەورە لە هێنانی مۆرینیۆ گێڕانەوەی یانەکە بوو بۆ سەر سەکۆی نازناوەکان، بەڵام شکستی تیپەکە بەرامبەر هەریەکە لە گاڵاتەسەرای و بێشکتاش، ئومێدی هاندەرانی ئەو یانەیە و کارگێڕییەکەی لەبارەی خەونەکەوە زۆر لاواز کردووە.
 
فەنەرباهچە ئێستا لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولی تورکیایە، بەجیاوازیی شەش خاڵ لە دوای گاڵاتەسەرای پێشەنگ.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، مۆرینیۆ هەست بەپشتگیری کارگێڕیی یانەکەی ناکات، میدیاکانیش هێرشی زۆری دەکەنە سەر و رەخنەی زۆری لێدەگرن، ئەوە وایکردووە دۆخەکە نزیک ببێتەوە لە بنبەست.
 
مۆرینیۆ هەفتەی رابردوو لێدوانی تووندی بەرامبەر میدیاکان هەبوو، ئەو گوتی، "هەوڵی تێکشکاندنم دەدەن، بەڵام رێزم ناگرن، لێرە کولتوورێک هەیە کە دژی سەقامگیرییە. یاریزانان و یانەکان پێویستیان بەگەشەکردن هەیە، هەروەها پێویستیان بەسەقامگیرییە لەگەڵ راهێنەرەکانیان و فەلسەفەی راهێنەرەکانیان، لەبەرئەوە وازم لێبهێنن، وازم لێبهێنن بابەئارامی کاربکەم. هەوڵمەدەن هەمان ئەوەی بەرامبەر جیۆڤانی ڤان برۆکهۆست کردتتان، بەرامبەر منیش دووبارەی بکەنەوە، نازانم لە کوێی دونیا راهێنەرە بە سێ تاوەکو چوار یان پێنج مانگ دەتوانێت پەرجوو بخولقێنێت؟ ئەوەی من دەیزانم ئەوەیە کە برۆنکهۆست بەباشی کاریدەکرد، بەڵام وازیان لێنەهێنا".
 
سپێشەڵ وەن، جارێکی دیکە لە شکستی تیپەکەی بەرامبەر بێشکتاش بیانووی بەکاری ناوبژیوان هێنایەوە و گوتی، "یارییەکی زۆر باشبوو، لانیکەم دەبوو یەکسان بین، کۆنترۆڵی یارییەکەمان کردبوو، بەڵام نەمانتوانی بەباشی کۆتایی پێبهێنین، پیرۆزبایی لە بێشکتاش و ناوبژیوان دەکەم، تیپە خراپەکە براوەبوو، ئێمە ئەگەر نموونەییش نەبووبین، بەڵام باشتربووین لە رکابەرەکەمان، ئەوان تەنیا یەک هەلیان بۆ هەڵکەوت و قۆستیانەوە و گۆڵیانکرد. ئێمە لە جەنگان لەپێناو نازناوی پاڵەوانێتییەکە بەردەوام دەبین".
 
فەنەرباهچە نەیتوانی بگاتە قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ، پاشئەوەی لەلایەن لیلی فەرەنسییەوە شکستی پێهێنرا. یانەکە لە یۆرۆپالیگ بەشدارییکرد، بەڵام ئەنجامەکانی باش نین.
 
یانەکە لە هاوینی رابردوودا نزیکەی 50 ملیۆن یۆرۆی لە کڕینی یاریزانانی وەک یوسف نسێری، سوفیان ئامرابت، چالار سۆینجۆ و سانت ماکسیمین خەرجکرد، بەڵام لە دوای پێنج گەڕی پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکە، یانەکە لە پلەی 15ی ریزبەندیی دێت و تەنیا هەشت خاڵی هەیە.
 
میدیاکانی تورکیا ئاماژە بەسەرهەڵدانی ناکۆکی لە نێوان مۆرینیۆ و هەندێک لە یاریزانەکانیشی دەدەن. باسی تێکچوونی پەیوەندی ئەو راهێنەرە و ژمارەیەک یاریزان دەکەن، بەهۆی گوشاری ئەنجامەکانەوە.
 
رۆژنامەی 'ئەی ئێس'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، یاریی داهاتووی فەنەرباهچە رۆژی چوارشەممە بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو، پێوانەی بەردەوامبوونی پەیوەندی نێوان جۆزێ و یانەکەی دەبێت و ئەگەر لەو یارییەدا شکست بهێنێت، کارگێڕیی یانەکە بڕیار لە دوورخستنەوەی مۆرینیۆ دەدات.