کارلۆ ئەنچیلۆتی باسی ئاتاڵانتا، ڤینیسیۆس و بێلینگهام دەکات
رووداو دیجیتال
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، یاریی ئەمشەوی یانەکەی بەرامبەر ئاتاڵانتا لە گەڕی شەشەمی قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگ، بە قورس ناوبرد، دووپاتیکردەوە یانە ئیتاڵییەکە زۆر بەباشی یارییدەکات.
ئەمشەو کاژێر 23:00 بەکاتی باشووری کوردستان، ئاتاڵانتا لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی ریال مەدرید دەکات.
کارلۆ ئەنچیلۆتی، لەبارەی یارییەکەوە بەرۆژنامەڤانانی راگەیاند، "یارییەکی قورسە بەرامبەر ئاتاڵانتا کە زۆر بەباشی یارییدەکات. ئەوان لە یارییەکەی جامی سوپەری ئەورووپاوە زۆر باشتربوون. بەدۆخێکی نایابدا تێدەپەڕن لە رووی ئاستەوە و جۆشوخرۆشی راستەقینەیان هەیە و زۆر یارییان بردووەتەوە. ئەوان رکابەرێکن توانای رکابەریی بەهێزیان هەیە، ئێمەش هەلی ئەوەمان هەیە خاڵی زیاتر بەدەست بهێنین، هەروەها دەبێ زۆرترین خاڵ کۆبکەینەوە لە سێ یاریی داهاتوومان لەپێناو پەڕینەوە بۆ قۆناخی داهاتوو".
بۆ یارییەکەی ئەمشەو، ریال مەدرید پاڵنەرێکی دەروونیی باشی پێگەیشت، پاشئەوەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر گەڕایەوە مەشقەکانی یانەکە، راهێنەری ریال مەدرید بەر لە دوایین یەکەی مەشقی یاریزانەکانی بۆ یارییەکەی ئاتاڵانتا دەڵێ، "ڤینیسیۆس باشە. گرنگ ئەوەیە ئەو گەڕایەوە مەشقەکان و چاوەڕێ دەبین، هەروەها رۆدریگۆش بەهەمان شێوە. بێلینگهام باشە و بەتەواوی چاکبووەتەوە. گومان هەیە لە بەشداریکردنی ڤینیسیۆس و رۆدریگۆ و لە دوایین مەشقدا بڕیار لە چارەنووسیان دەدەین".
ریال مەدرید لە دۆخێکی باشدانییە لە چامپیۆنزلیگ. تیپەکە لە پلەی 24ی ریزبەندی خولەکەیە پاش ئەنجامدانی پێنج یاری کە تێیدا تەنیا دوو سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
لەبارەی گەڕانەوەی جود بێلینگهام جارێکی دیکە بۆ گۆڵکردن، راهێنەری ریال مەدرید دەڵێ، "جود دەستیکردووەتەوە بەتۆمارکردنی گۆڵ و ئەوەش بۆ ئێمە زۆر گرنگە، گرنگتر لەوەش ئەوەیە کە هەڵسوکەوتی لە یاریگەدا وەکخۆی ماوەتەوە. بێلینگهام لە بەرگری و هێرشدا زۆر دەبەخشێت، ئەو کاری خۆی دەکات تەنانەت ئەگەر گۆڵیش نەکات".
ریال مەدرید، پاڵەوانی وەرزی پێشووی ئەورووپا، پێویستی بەبەدەستهێنانی خاڵەکانی سێ یاریی داهاتووی خۆی هەیە تاوەکو ببێتە یەکێک لەو تیپانەی دەگاتە قۆناخی پلەی ئۆف کە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگە.