چاوەڕواننەکراو.. سکالۆنی مەرجەکانی مانەوە دەگەیێنێتە مێسی

 
رووداو دیجیتاڵ

داهاتووی لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و پاڵەوانی مۆندیالی 2022 لەگەڵ هەڵبژاردەکە دیار نییە، میدیای ئەرجەنتین دەڵێت راهێنەرەکە مەرجەکانی مانەوەی گەیاندووەتە لیۆنێل مێسی.
 
سکالۆنی دوای بردنەوەی لە هەڵبژاردەی بەرازیل لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان و باسی لە ئەگەری گۆڕانکاری لە هەڵبژاردەکە کرد و رایگەیاند، دەیەوێت لە راهێنەرایەتی دووربکەوێتەوە و ژیانێکی نوێ تاقیبکاتەوە، ئەمەش کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و هەر زوو باس لەوە کرا کە راهێنەرەکە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەردەوام نابێت.
 
بەرەبەیانی رۆژی هەینی رابردوو بەکاتی باشووری کوردستان، کاتێک تیروپشکی کۆپا ئەمریکا راکێشرا لیۆنێل سکالۆنی، وەکو راهێنەری تانگۆ ئامادەی رێوڕەسمەکە بوو، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی راهێنەرەکە لە کارەکەی بەردەوامبێت، بەڵام مەرجی هەیە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئەرجەنتین، سکالۆنی دەیەوێت گۆڕانکارییەکی گەورە لە ریزەکانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتیندا رووبدات، پێویستە هەڵبژاردەکە دەستبەرداری هەندێک یاریزان ببێت، بۆ ئەوەی یاریزانی ئاستبەرزتر بێنە پێشەوە.
 
تۆڕی هەواڵی ئی ئێس پی ئێن دەڵێت "سکالۆنی لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ لیۆنێل مێسی، کاپتنی هەڵبژاردەکە کۆدەبێتەوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی داهاتووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینەوە بکەن و داواکارییەکانیشی دەگەیێنێتە لیۆ."
 
تیروپشکی کۆپا ئەمریکای 2024 راکێشراوە، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە کۆمەڵەی یەکەمدا بەرامبەر پیرۆ، چیلی و یەکێک لە کەنەدا یان ترینداد توباگۆ یاریی دەکات.
 
سکالۆنی لەگەڵ تانگۆ مێژووییەکی گەورەی تۆمارکرد و نازناوی مۆندیالی 2022ـی بەدەستهێنا.