ڤیدیۆ؛ بایرن میونشن 5 گۆڵی لێکرا و دۆرتموند لە یاریگەی خۆیدا دۆڕا

10-12-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
بایرن میونشن
بایرن میونشن
نیشانەکردن بایرن میونشن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرەتای یارییەکی لەبیرنەکراوە، دوای تەنیا 12 خولەک عومەر مەرمووش گۆڵی یەکەمی بۆ ئینتراخت تۆمارکرد و تۆڕی مانوێل نۆیەری هەژاند.
 
جونیۆر ئێبیمبێ لە خولەکی 31 گۆڵی دووەمی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد کاتێک بەنێو بەرگریکارەکانی بایرن دا تێپەڕی و هیچ بەربەستێکی نەخرایە پێش.
 
دوای پێنج خولەک لەو گۆڵە، وەک ئەوەی ئینتراخت بەڵێنی دابێت مێژوویەکی گەورە تۆماربکات، لە ریگەی هوگۆ لارسنەوە گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد و هەمووانی بەلای ئەنجامی یارییەکەدا راکێشا.
 
خولەکێک پێشکۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم جوشوا کیمیچ بەلێدانێکی بەهێز ئەنجامەکەی بۆ بایرن کەمکردەوە، هەمووان پێیاوانبوو ئەمە سەرەتای گەڕانەوەی باڤارییەکان دەبێت، بەڵام ئەوە رووینەدا و خراپتر بوو.
 
بارانبارینی زۆر ئینتراختی لە گۆڵکردن سارد نەکردەوە، لە خولەکی 50 ئێبێمبی گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد.
 
ئانسگار کناوف گۆڵی پێنجەمی ئینتراخت فرانکفۆرتی تۆمارکرد، خاوەن یاریگە سەرکەوتنێکی مێژوویی بە پێنج گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بەدەستهێنا و بایرن میونشن بۆ یەکەمجار لەم وەرزەی بوندێسلیگادا دۆڕا.
 
سیگناڵ ئیدونا پارکە، دۆرتموند لەنێو هاندەرانیدا قەرەبووی کرانە دەرەوەی لە جامی ئەڵمانیا بکاتەوە و بەرامبەر لایپزیگ یاریی دەکات.
 
تەنیا 15 خولەک تێپەڕی ماتس هەمڵس بەهۆی تووند یارییکردنە کارتی سووری پێدرا و لە دۆرتموند کرایە دەرەوە.
 
لە خولەکی 32 رامی بن سەبعینی گۆڵی یەکەمی لایپزیگی بەهەڵە لە خۆیان کردەوە.
 
بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم نیکلاس سولێ ئەنجامەکەی بۆ دۆرتموند یەکسانکردەوە و نیوەی یەکەم بەیەکسانبوون کۆتاییهات.
 
لە خولەکی 54 کریستۆفەر باومگارتنەر گۆڵی دووەمی یانەی میوانی لە یارییەکەدا تۆمارکرد.
 
خولەکەکانی کۆتایی یارییەکە بەهێزتربوون، کرانەوەی هەمڵس بەتەواوی بە دۆرتموندەوە دیاربوو، یوسف پۆڵسن یاریی بە بەرگریکاران کرد و گۆڵی سێیەمی لایپزیگی تۆمارکرد.
 
نیکلاس فولکرۆک گۆڵی دووەمی دۆرتموندی تۆمارکرد، بەڵام یانەکە لە یاریگەی خۆیدا بە دوو گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ دۆڕا و ئەمە سێیەم دۆڕانیەتی لەم وەرزەدا.
 
هەنگاوەکانی یونیەن بەرلین بۆ دوورکەوتنەوە لە ناوچەی دابەزین بەردەوامن و ئەمجارە بە ئەنجامێکی گەورەوە لە مۆنشنگلادباخی بردەوە.
 
لە خولەکی 23 کیڤن ڤۆلاند بەلێدانی سزا دەرگای گۆڵکردنی کردەوە و یونیەن بەرلینی پێشخست.
 
5 خولەک دوای دەستپێکردنی نیوەی دووەم بێندیکت هۆلێرباخ بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی دووەمی بۆ یونیەن تۆمارکرد.
 
میکێل کاوفمان سوودی لە هەڵەی بەرگری تیپی بەرامبەر وەرگرت و بە جوانترین شێوە گۆڵی سێیەمی خاوەن یاریگەی تۆمارکرد و یونیەنی لە بردنەوە نزیککردەوە.
 
لە خولەکی 77 حەسەن پێلیا گۆڵێکی بۆ گلادباخ تۆمارکرد، بەڵام کاریگەرییەکی وای لەسەر ئەنجامی یارییەکە نەبوو و یونیەن بەرلین سێیەم بردنەوەی تۆمارکرد و خۆی گەیاندە پلەی پازدەیەمی ریزبەندی بوندێسلیگا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە