ڤیدیۆ؛ لێدوانی راهێنەران.. چاڤی ترسی هەیە و سانچێزیش دەیەوێت 7 خاڵ پێش بارسا بکەوێت

10-12-2023
ئیحسان تاهیر
میشێل سانچێز و چاڤی هێرناندێز
میشێل سانچێز و چاڤی هێرناندێز
نیشانەکردن میشێل سانچێز چاڤی هێرناندێز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی بارسێلۆنا لە یاریی لووتکەی گەڕی 16ـی لالیگادا، میوانداری یانەی خیرۆنا دەکات.
 
راهێنەری هەردوو یانە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد، کە ئەمە پوختەی قسەکانیانە:
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا:
 
حەزم لە رووبەڕووبوونەوەی رکابەرە بوێرەکانە، وەک یارییەکەمان بەرامبەر ریال سۆسیداد، ئەو جۆرە تیپانەی گوشار دەخەنە سەر هێڵی بەرگریمان، و وامان لێدەکەن ناچاربین چارەسەر بدۆزینەوە، پێشبینی دەکەم لەم یارییەدا خیرۆنا بەو شێوەیە یاری بکات، ئەوان هەوڵ دەدەن گوشارمان بخەنە سەر و کۆنترۆلی تۆپەکە بەدەستبهێنن.
 
وەک پێشتر گوتوومە، پێموایە سەرەڕای هەموو زەحمەتییەکان، خیرۆنا بەربژێرە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئیسپانیا، بەدڵنیاییەوە دەتوانن، ئەوان سەلماندوویانە کە دەتوانن ئەو کارە بکەن، ئێمە بە کردەوە لە نیوەی وەرزەکەداین، ئەوانیش لە لوتکەدان  و چوار خاڵ لە پێشمانن. ئەمە بەڵگەیە کە ئەوان زۆر بەباشی کاردەکەن. سەرسامم بە شێوازی هێرشکردنیان. هەست بە ترس ناکەن. هەندێکجار بە بەرگرییەکی بەهێزەوە دەمێننەوە. ئەوان ئازان، هەر بۆیە ئێستا ئەو تیپە لەو شوێنەدایە کە ئێستا لێیەتی.
 
مەحاڵە گرێبەست لەگەڵ گۆڵپارێزێکی نوێ بکەین، ئێمە متمانەمان بەوانە هەیە کە ئێستا هەمانن، پێموایە مارک بە زووترین کات چاکدەبێتەوە، ئێمە گەشبینین بە زوو چاکبوونەوەی. هەروەها ئێمە متمانەمان بە ئیناکی هەیە.
 
 
میشێل سانچێز، راهێنەری یانەی خیرۆنا:
 
بارسێلۆنا تیپێکە لە یەک خولدا رکابەری ئێمە دەکات، بەڵام یاریزانەکانی ئامانجی جیاوازیان هەیە، ئێستا ئێمە لە پێش ئەوداین، بەڵام بارسێلۆنا دەیەوێت لە پلەی یەکەمدا بێت لەگەڵ ریال مەدرید یان ئاتلێتیکۆ مەدرید، ئەمانە ئەو  تیپانەن کە دەبینین هەموو وەرزێک رکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە، مێژوو ئەوەمان پێدەڵێت، ئێستا خۆمان لە شوێنێک و دۆخێکی زۆر ئاسوودەدا دەبینینەوە و دەبێت چێژ لەوە وەربگرین کە کێین، چێژ لە هەموو یارییەک وەردەگرین کە ئەنجامی دەدەین، و لە ئاستی یاریزانەکانمان لەسەر یاریگە.
 
ئەگەر لە بارسا ببەینەوە، دەچینە ناو رەهەندێکی نوێ، چونکە حەوت خاڵ پێشیان دەکەوین، ئەوەش کاردانەوەی گەورەی دەبێت بۆ هەمووان. تەنانەت بۆ ئێمەش. ناچار دەبین ئەو ئاستەمان بپارێزین. بەڵام بەڕاستی ئەگەر بتوانین لە بارسا باشتر بین، بەو هەموو بەربەستانەی کە هەن، ئەوا ئەم تیپە دەتوانێت تەکانێکی گەورە بدات لە رووی کوالیتییەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە