ڤیدیۆ؛ دوای دۆڕانە گەورەکەی هەولێر بەرامبەر جەوییە چی روویدا؟

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجامە خراپەکانی یانەی هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بەردەوامن، هاندەرانی یانەکە لە خراپیی یانەکەیان تووڕەن و داوای دوورخستنەوەی راهێنەر و کارگێڕیی یانەکەیان دەکەن.
 
هەولێر شەوی شەممە لە یاریگەی فرانسۆ هەریری میوانداریی یانەی جەوییەی کرد، دوور لە هەموو چاوەڕوانییەکان خاوەن یاریگە یارییەکەی بە گۆڵێک بەرامبەر چوار گۆڵ دۆڕاند و هەولێر لەم وەرزەدا تووشی پێنجەم دۆڕانبوو، لەکاتێکدا هەشت یاریی ئەنجامداوە.
 
ئەوەی هاندەرانی قەڵای زەردی نیگەرانکردووە، ئەو ئاستە خراپەیە کە یانەکە لە یاریگەی خۆیدا پێشکێشی دەکات، کە تاوەکو ئێستا لەم وەرزەدا هەولێر تەنیا 2 یاریی لە یاریگەی خۆیدا بردووەتەوە و 2 یارییشی لە یاریگەی خۆیدا و 3 یارییشی لە دەرەوە دۆڕاندووە.
 
دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر یانەی جەوییە، هاندەرانی یانەی هەولێر لەنێو یاریگە چەپڵەیان بۆ یاریزانانی یانەی جەوییە لێدا هێرشیانکردە سەر کارگێڕیی یانەکەیان، دوای ئەوەیش هەزاران هاندەر چوونە بەردەم بارەگای یاریگەی فرانسۆی هەریری و لەبەردەم ژووری کارگێڕیی یانەکە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر ئەو ئاست و ئەنجامە خراپانە پێشاندا کە یانەی هەولێر لەم وەرزەدا پێشکێشی دەکات، بەشی زۆری ئەو هاندەرانەشی کە قسەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کردووە، رووی رەخنەکانیان لە کارگێڕیی یانەکەیە و داوای دەستلەکارکێشانەوەیان لە کارەکانیان دەکەن.
 
هاندەرێکی یانەی هەولێر بە تووڕەییەوە قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێت "بەڕاستی کارگێڕیی یانەکە چەند هۆکارە، راهێنەرەکەش دە هێندە هۆکارە، لەکاتێکدا 15 یاریزانی بۆ گواستراوەتەوە و کەمپی راهێنانی لە دەرەوە بۆ ئەنجامدراوە و ئەمە لە هیچ شوێنێک نەکراوە، پێویستە قسە لەگەڵ راهێنەر بکرێت و روونبکرێتەوە کە هۆکار چییە، پێویستە پرسیاری لێبکرێت کە بۆچی لە یاریگەی خۆی و لەنێو ئەم هەموو هاندەرە بە 5 بەرگریکارەوە یاریی بکات، وەختە جەڵتە لێمبدات، نەبووە لەنێو هاندەری خۆت بە 5 بەرگریکار یاریی بکەیت خۆ بەرامبەر بارسێلۆنا و ریال مەدرید یاریی ناکەیت."
 
 

 

هاندەرێکی دیکەی ئاڵایەکی یانەی هەولێری بەدەستەوەیە و دەڵێت "بیکەنە رای خوا با دکتۆر وەلید لەو پۆستە بێتە خوارەوە، بەسە هەتا کەی و یەک ساڵە بەرووکمان بەرنادات، هەموو عێراق شانازی بەم لۆگۆیەوە دەکات، بەڵام ئەمانە سەنگی نازانن، یەک ساڵە داوادەکەین کاکە با لەو پۆستە دووربکەوێتەوە، بۆ لە کۆبوونەوە دەڵێت من حیزبیم و دوورناکەومەوە، تۆ خوا دەبێت سەرۆک یانە ئەوە بڵێت."
 
 
هاندەرێکی دیکەی یانەی هەولێر لەنێو هاندەرە ناڕازییەکانی هەولێر رەخنە لە ئاستی یاریزانە پیشەگەرەکان دەگرێت و دەڵێت "موعتەریفی هێناوە نازانێت شووت لە تۆپ بدات، 6 پیشەگەری هێناوە نازانن یاریی بکەن، تەنیا بەرگریکارەکە باشە، نازانم ئەم یاریزانانە چین هێناویانن، دەڵێن بەنیازی تۆپ چوارین، هەر یانەیەک بە نیازی تۆپ 4 بێت 16 و 17 یاریزانی کوردی هەبێت لە ژیانیدا حەوتەمیش نابێت، ئینجا دەمانەوێت ئەم کارگێڕییە وازبهێنێت، ساڵی یەکەم گوتمان هیچ نییە، ساڵی دووەم کێشە نییە، ئەمساڵیش هیچیان نەانی و نازانن یاریزان بێنن، چوون کەمپیان لە تورکیا کردەوە، 12 گۆڵیان لە یانەیەک کردووە نازانێت یاریی بکات."
 
 

 

یەکێکی دیکە لە هاندەرانی یانەی هەولێر بەراوردی نێوان یاریزانەکانی هەولێر و یانەکانی دیکەی کوردستان دەکات و دەڵێت " ئەو کارگێڕییە چی کردووە، زاخۆ هێرشبەری هێناوە و گۆڵ دەکات، نەورۆز مارادۆنای بەڕێکردووە و هێرشبەری هێناوە قەناسە، دهۆک یاریزانی هێناوە هەمووی قەناسە، بەس بزانم ئەم کارگێڕییەی ئێمە ئەم یاریزانانەی چۆن هێناوە، 12.5 دەفتەری بە یاریزانێک داوە نە گۆڵێکی کردووە، نە رادەکات، هەمووی بە قوربانی کارگێڕیی پێشوو بێت، هیچی نوێیان تێدانییە، نە هیچی نوێیان کردووە و نە هیچی نوێیان پێیە."
 
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، دوای یارییەکەی بەرامبەر جەوییە، راهێنەر و یاریزانانی هەولێر بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چوونەتەوە ژووری جل گۆڕینی یانەکەیان، هیچ یەکێک لە یاریزانەکان قسەیان لەگەڵ یەکدی نەکردووە، بەشێکی یاریزانەکانیش بە تەنیا ماونەتەوە و بۆ خراپیی دۆخی یانەکەیان گریاون.
 
دوای یارییەکەش راهێنەر و بەشێکی یاریزانەکان مۆبایلەکانیان داخستووە و هیچ گفتوگۆیەک لەنێوان کارگێڕیی یانەکە و راهێنەری تیپەکە نەکراوە.
 
هەر بەپێی بەدواداچووونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بڕیارە ئەمڕۆ کارگێڕیی یانەی هەولێر کۆبوونەوەیەک لەبارەی دۆخی خراپی یانەکە ئەنجامبدات، بەڵام هێشتا کاتی ئەو کۆبوونەوەیە دیاریی نەکراوە.

 

هەولێر خراپترین یانەی ئەم وەرزەیە

یانەی هەولێر لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، خراپترین یانەیە و لەگەڵ یانەی ئەمانە بەغدا هەریەکەیان 5 یارییان دۆڕاندووە، یانەکە 12 گۆڵی لێکراوە، کە سێیەم خراپترین هێڵی بەرگریی لە خولەکەدا هەیە دوای یانەکانی مینا کە 14 گۆڵی لێکراوە و کەربەلا کە 13 گۆڵی لێکراوە.
 
هەولێر لەم وەرزەی خولی عێراق، تەنیا 6 گۆڵی تۆمارکردووە، لە هێرشبەریشدا یانەکە چوارەم خراپترین یانەیە.
 
یانەی هەولێری خاوەنی 4 نازناوی خولی عێراق، ئەم وەرزە تاوەکو ئێستا لە پلەی شازدەیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە.