محەممەد شیاع سوودانى خۆشحاڵی بە بردنەوەى هەڵبژاردەى مەغریب دەربڕى


رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بەبۆنەى بردنەوەى هەڵبژاردەى مەغریب لە جامى جیهانی بەرامبەر بە هەڵبژاردەى پۆرتوگال و دەڵێت: "بەوە مێژووى نووسییەوە." 
 
رۆژی 10ى کانوونى یەکەمى 2022، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە تویتێکدا ئاماژەى بەوە داوە کە هاوبەشی خۆشی مەغریبن بەبۆنەى سەرکەوتنى هەڵبژاردەى وڵاتەکەیان و گەیشتنیان بە چوارگۆشەى زێڕینى جامى جیهانى وەک یەکەم هەڵبژاردەى عەرەبی و ئەفریقی کە بگاتە ئەو قۆناخە و دەڵێت: "بەوە مێژووى نووسییەوە." 
 
محەممەد شیاع سوودانى دەڵێت: "گەنجەکانى مەغریب سەلماندییان کە سەرکەوتن بە رژدبوون و کارکردن بە رۆحییەتى یەک تیم دەکرێت." 
 
ئەمڕۆ لە قۆناخى چارەکى کۆتایی جامى جیهانى کە لە وڵاتى قەتەر بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردەى مەغریب بە گۆڵێکى بێ بەرامبەر لە هەڵبژاردەى پۆرتوگالی بردەوە و سەرکەوت بۆ قۆناخى پێش کۆتایی.