بەفەرمی.. کارلۆ ئەنچێلۆتی لە پۆستی راهێنەرایەتی ناپۆلی دوورخرایەوە

رووداو-هەولێر

سەرەڕای بردنەوەی دوایین یاری و سەرکەوتن بۆ قۆناخی ١٦ـی چامپیۆنزلیگ، یانەی ناپۆلی دەستبەرداری کارلۆ ئەنچیلۆتیی راهێنەری بوو.

دوای کەمتر ساڵ و نیوێک لە وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەی ناپۆلی، کارلۆ ئەنچیلۆتی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، ئەمەش پاش ئەوەی یانەکە لە ماوەی رابردوودا بە دۆخێکی زۆر خراپدا تێدەپەڕی و کێشەی زۆر لە نێوان یاریزانەکان و سەرۆکی یانەکەدا دروستبوو.

دوای بردنەوەی یارییەکەی شەوی رابردوو لە دواگەڕی قۆناخی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکان بەسەر یانەی خێنکی بەلجیکی بە ئەنجامی چوار گۆڵی بێ بەرامبەر، یانەی ناپۆلی بەفەرمی پاش سێ کاژێر لە یارییەکەیان دوورخستنەوەی ئەنچیلۆتی راگەیاند، دوورخستنەوەی کارلۆ بەر لە یارییەکە بڕیاری لەسەردرابوو، بەڵام راگەیاندەکەیان بۆ پاش یارییەکەیان هەڵگرت.

کارلۆ لە هاوینی ٢٠١٨ بووە راهێنەری ناپۆلی و شوێنی ماوریزیۆ ساری گرتەوە، لەگەڵ یانە شینەکەی باشووردا پلەی دووەمی وەرزی رابردووی خولی ئیتالیای بەدەستهێنا.

یانەی ناپۆلی لە تویتەر ئەم هەواڵەیان بڵاوکردەوە نووسیویانە: یانەکەمان گرێبەستی کارلۆ ئەنچیلۆتی هەڵوەشاندەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سوپاسی کارلۆ دەکەین و هەموو رێز و خۆشەویستییەکی بۆ دەردەبڕین، پەیوەندییە دۆستانە و برایەتییەکەمان هەر دەمێنێت و پەیوەندی کارلۆ ئەنچیلۆتی لەگەڵ سەرۆکی یانە زۆر باشە.

پارتینۆپێ پێش یارییەکەی شەوی رابردوو نۆ یاری لەسەریەک نەیتوانی بردنەوە تۆماربکات، شوێنگرەوەی کارلۆش هێشتا بە فەرمی دیارینەکراوە، بەڵام پێشبینییەکان بۆ ئەوەدەچن کە جێنارۆ گاتوزۆ ئەو ئەرکە وەربگرێت.