چیرۆکەکە کۆتاییهات و ریڤەرپلەیت بۆ جاری چوارەم بووە پاڵەوان

10-12-2018
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ریڤەرپلەیت، پاڵەوانی جامی لیبەرتادۆرێس
ریڤەرپلەیت، پاڵەوانی جامی لیبەرتادۆرێس
نیشانەکردن ریڤەرپلەیت، پاڵەوانی جامی لیبەرتادۆرێس
A+ A-

رووداو - هەولێر

دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، رکابەری و شەڕ و ئاژاوەی هاندەرانی هەردوو یانە و چاوەڕوانی جیهان بۆ یەکلاییکردنەوەی جامی لیبەرتادۆرێس، دواجار چیرۆکەکە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، لە مەدریدی ئیسپانیا و بە ئامادەبوونی هەزاران هاندەر و دەیان ئەستێرەی جیهان لە بەرژەوەندی ریڤەرپلەیت کۆتاییهات.

دوو خولەک بەر لەوەی گێمی یەکەم کۆتاییبێت، داریۆ بێنێدێتۆ گۆڵێکی بۆ بۆکا جونیۆرز تۆمارکرد و یانەکەی پێشخست.

لە گێمی دووەمدا لە خولەکی 67 لوکاس براتۆ ئەنجامەکەی بۆ ریڤەر یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی دەستپێک، یارییەکە لە کاتی ئاساییدا بەیەکسانبوون کۆتاییهات و بەپێی یاسای پاڵەوانێتییەکەش پشت بە گۆڵەکانی یاریی رابردوو نەبەسترا بۆیە یارییەکە چووە کاتی زیادکراو.

دوای ئەوەی ویلمار باریۆس لە بۆکا جونیۆرز بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، ریڤەرپلەیت رێگەیەکی زیاتری لەبەردەم کرایەوە و هەر زووش لە خولەکی 108 خوان کوێنترۆ بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی دووەمی بۆ یانە سپی و سوورەکە تۆمارکرد و ریڤەرپلەیتی زیاتر لە نازناوەکە نزیککردەوە.

لە خولەکی 121 گۆڵپارێزی بۆکا بۆ هاوکاریکردنی یانەکەی و یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە خۆی گەیاندە نێو گۆڵی ریڤەرپلەیت، بەڵام پێچەوانەی ویستی ئەو گۆنزالۆ مارتینێز گۆڵی سێیەمی بۆ ریڤەرپلەیت تۆمارکرد و چیرۆکی یارییەکەی تەواوکرد.

دوای بردنەوەی یارییەکە ریڤەرپلەیت بۆ جاری چوارەم لە مێژوویدا نازناوی جامی لیبەرتادۆرێسی بەدەستهێنا و بەشداری لە جامی جیهانی یانەکان دەکات کە رکابەرییەکانی لە ئیمارات بەڕێوەدەچن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە