ئارسن ڤینگەر خەمبارە


رووداو - هەولێر

ئارسن ڤینگەر راهێنەری یانەی ئارسینالی ئینگلیزی خەمباریی خۆی بۆ ئەوە دەربڕی تیپەكەی پلەی دووەمی كۆمەڵەكەی لە چامپیۆنزلیگ بەدەستهێناوە.

ڤینگەر دوای سەركەوتنی یانەكەی لە یارییەكەی شەوی رابردوو بەسەر گالاتەسەرای بە ئەنجامی 4-1 گۆڵ لە نێو ئیستانبۆڵ، بۆ تۆڕی سكای سپۆرت گوتی: "لە یارییەكەدا بەهێز دەركەوتین، هەر ئەوەشم لە یاریزانەكان داواكردبوو، بەڵام هەندێك هەست بە بێهوایی دەكەین بەهۆی ئەوەی لە كۆمەڵەكەماندا پلەی دووەممان بەدەستهێنا، دەمانزانی دەبوو 6 گۆڵ تۆماربكەین و هیچ گۆڵێكیشمان لێ تۆمارنەكرێت.

هەروەها گوتی: چوار یاریمان بردەوە و یەك یاریمان دۆڕاند و یارییەكیش یەكسانبووین، پەشیمانین لەو یەكسانبوونەی لەگەڵ ئاندەرلەخت دووچارمان بوو لە یاریگەی خۆماندا.

ئارسیناڵ بە 13 خاڵ بە پلەی دووەم لە كۆمەڵەی چوارەمدا بۆ قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ سەركەوت لە دوای یانەی بروسیا دۆرتمۆند، كە بە هەمان شێوە 13 خاڵی هەبوو، بەڵام بە جیاوازی گۆڵ دۆرتمۆند پلەی یەكەمی گرت.

ڤینگەر لە بارەی قۆناخی 16 گوتی: "تیپی گەورە لە قۆناخی داهاتوودا هەن و پێویستە چاوەڕێ بكەین بزانین ركابەرەكەمان كێیە".