لووتکەی خولی ئیتاڵیا یەکەمی خول یەکلاییدەکاتەوە



رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو لە یارییەکی ئاگریندا هەردوو یانەی ئینتەرمیلان و ناپۆلی رووبەڕووی یەک دەبنەوە و چاویان لە وەرگرتنی پلەی یەکەمە.
 
تا دێت رکابەریی خولی ئیتاڵی تووندتر دەبێت، بەشێوەیەک دوای تێپەڕبوونی 11 گەڕ، جیاوازی خاڵەکانی نێوان پلەی شەشەم و پلەی یەکەم تەنیا سێ خاڵە، بەڵام ئەو رکابەرییە سەختترە لەنێوان ناپۆلی و ئینتەر میلان.
 
ناپۆلی لەژێر سەرکردایەتی ئەنتۆنیۆ کۆنتی، بەکۆکردنەوەی 25 خاڵ لە پلەی یەکەمی خولەکە دێت و چاوی لەوەیە درێژە بەوە بدات.
 
لەلایەکی دیکەوە یانەی ئینتەرمیلان بەکۆکردنەوەی 24 خاڵ لە پلەی دووەم دێت و کوڕانی سیمیۆنی ئینزاگی دوای گەڕانەوەیان لە چامپیۆنزلیگ بەبردنەوەیەکی گرنگی لە بەرامبەر ئارسیناڵی ئینگلیزی، چاویان لەوەیە پلەی یەکەم لە ناپۆلی بسێننەوە و بگەڕێنەوە شوێنی ئاسایی خۆیان.
 
رۆمێلۆ لوکاکۆ دوای شادبوونەوەی بە کۆنتی، دووبارە گەڕاوەتەوە ئاستی پێشووتری و لەم وەرزەدا لەگەڵ یانەی ناپۆلی، بەشداری لە هەشت گۆڵدا کردووە.
 
هاوشانی کڤاراستیخیلیا، ئەویش توانیویەتی بەشداری لە حەوت گۆڵ بکات و لەگەڵ لوکاکۆ سەرکردایەتی هێڵی هێرشبەری ناپۆلی دەکەن.
 
لەلایەکی دیکەوە یانەی ئینتەرمیلان، مارکۆس تۆرام، ئەستێرەی یانەکە بە حەوت گۆڵ و دوو ئەسسیست سەرکردایەتی نێرازوری دەکات.
 
هاوکات، چاوەکان لەسەر ئەستێرەی ئەرجەنتینی، لاوتارۆ مارتینێز دەبن، ئەو یاریزانە لە خولی ئیتاڵی لەم وەرزە، پێنج گۆڵی تۆمارکردووە و دوو ئەسیستی کردووە.
 
هەردوو یانە بە رێگەی جیاواز هەوڵ بۆ یەک ئەنجام دەدەن، ئەویش گرتنەوەی پلەی یەکەمی سێری ئا پێش ئەوەی یاریزانەکان گەشت بکەن بۆ هەڵبژاردەکانیان.