رووداو دیجیتاڵ
داهاتووی نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی بەرازیلی لەگەڵ یانەی هیلالی سعودی دیارنییە، لەکاتێکدا گرێبەستەکەی لە کۆتاییهاتن نزیکدەبێتەوە و ناویشی بە خولی ئەمریکا و بەرازیل بەستراوەتەوە.
نەیمار ماوەیەکی زۆر بەهۆی پێکانەوە لە یاریگەکان دوورکەوتەوە و دوای گەڕانەوەش لە دوای زیاتر لە ساڵێک جارێکی دیکە تووشی پێکانبووەوە، لە مانگی هەشتی ساڵی 2023ـەوە یاریزانەکە تەنیا 7 یاریی بۆ هیلال ئەنجامداوە، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتووەتەوە و بەشێکی زۆری هاندەرانی یانەکە داوای رۆیشتنی ئەو یاریزانە دەکەن.
ماوەیەکە باسی چوونی یاریزانە بەرازیلییەکە بۆ یانەی ئینتەرمەیامی دەکرێت، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن "مێسی و سوارێز جارێکی دیکە دەیانەوێت لەگەڵ نەیمار سیانەی ئێم ئێس ئێن لە ئەمریکا دووبارەبکەنەوە و بەیەکەوە بەدرێسی ئەو یانەیەوە یاری بکات، بەتایبەتیش کە سێرخیۆ بوسکێس و خۆردی ئەلباش بۆ ئەو یانەیە یاری دەکەن."
ماڵپەری تیم تۆک دەڵێت "نەیمار مەیلی گەڕانەوەی بۆ لای مێسی هەیە و دەیەوێت جارێکی دیکە سیانەیەکی مەترسیدار بەیەکەوە دروستبکەنەوە، کە جگە لەوەش بوونی ژیانێکی ئارام و خۆش لە مەیامی پاڵنەرێکی دیکەیە بۆ ئەوەی ئەستێرە بەرازیلییەکە بیر لە پەیوەندیکردن بەو یانەیەوە بکاتەوە."
لەلایەکی دیکەوە چەند رۆژێکە باس لەوە دەکرێت، نەیمار دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی دەگەڕێتەوە بەرازیل و جارێکی دیکە پەیوەندی بە یانەی سانتۆسەوە دەکاتەوە، ماریۆ کالڤیس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی سانتۆس، لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی نەیمار بۆ یانەکەی دەڵێت ، "هەموو سانتۆس خەون بەگەڕانەوەی نەیمارەوە دەبینێت".
ئەو بەڕێوەبەرە، قسەی بۆ رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی کەتەلۆنی کردووە و دەڵێ، "دانوستاندنمان لەگەڵ نەیمار نییە، بەڵام هەموو هاندەرانمان خەون بەگەڕانەوەی ئەو یاریزانەوە دەبینن."
نەیمار داسیلڤا، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی هیلال لە هاوینی 2025 کۆتاییدێت و بژاردەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ ساڵێکی دیکەی لەگەڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ