رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ریال مەدرید ئیدێر میلیتاوی بەهۆی پێکانێکی قورسەوە لەدەستدا، یانەکە پێویستی بە یاریزانێکی نوێ دەبێت بۆ ئەوەی لە دڵی بەرگریدا یاری بکات، بۆ ئەوەش چەند بژاردەیەک لەبەردەم یانەی شاهانەدان.
میلیتاو، لە یاریی بەرامبەر ئۆساسۆنا، بەهۆی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی تووشی پێکانێکی قورس بوو و 9 مانگ لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە، بەمەش ریال مەدرید پێویستی بە گرێبەستێکی نوێ دەبێت بۆ پڕکردنەوەی شوێنی بەرگریکارە بەرازیلییەکە.
بەرگریکارەکەی ریال مەدرید دوای تووشبوونی بەو پێکانە لە پەیامێکدا گوتی "خۆ بەدەستەوەدان بەشێک نییە لە چیرۆکی من، ئەمە ئاڵنگارییەکی دیکەیە بۆ بردنەوە و رێگەی گەڕانەوە دەزانم."
لە هەمان یارییدا ریال مەدرید جگە لە میلیتاو، هەریەکە لە رۆدریگۆ و لوکاس ڤاسکێزی بەهۆی پێکانەوە لەدەستدا و ئەو دوو یاریزانەش بەلای کەمەوە سێ هەفتەیان پێویستە بۆ گەڕانەوە.
بژاردەکانی ریال مەدرید
سێرخیۆ رامۆس
سێرخیۆ رامۆس، یەکێک لەو یاریزانانەیە لە ماوەی چەند کاژێری رابردوودا ناوی بە یانەی ریال مەدریدەوە بەستراوەتەوە، بەشێکی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن "یاریزانەکە ئامادەیە بگەڕێتەوە ریال مەدرید و تەنیا چاوەڕێی یانەکە دەکات، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بەدرێسی سپی یانەکەوە یاری بکاتەوە."
رۆژنامەی مارکا دەڵێت "رامۆس بەشێک نییە لە پلانی ریال مەدرید و فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکەش نایەوێت جارێکی دیکە ئەو یاریزانە بگەڕێتەوە یانەکە، سەرەڕای ئەوەی ئەنچێلۆتی، پێشوازی لە بیرۆکەی گەڕانەوەی یاریزانەکە بۆ یانەکە دەکات."
ئێمریک لاپۆرت
بەرگریکاری ئیسپانی و یانەی نەسڕی سعودی، ماوەیەکی زۆرە ناوی بە یانەی ریال مەدریدەوە بەستراوەتەوە و یەکێکە لەو یاریزانانەی ناوی لەسەر مێزی گفتوگۆکانی ریال مەدریدە، بەڵام بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، یانەی نەسڕ بۆ دەستبەرداربوون لەو یاریزانە داوای 30 ملیۆن یۆرۆ دەکات و بە ئاسانی دەستبەرداری نابێت.
تاوەکو ئێستا هیچ گفتوگۆیەک لەنێوان ریال مەدرید و لاپۆرت نەکراوە و روونییە، ریال مەدرید هەوڵی گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەدات یان نا.
ئێمریک لاپۆرت گرنگی هەوڵەکانی ریال مەدرید بۆ پەیوەندیکردن بە یانەکەوە دەدات، بەڵام یاریزانەکە گرێبەستی لەگەڵ نەسڕ ماوە.
کاستیۆ لوکیبا
ئەم یاریزانە فەرەنسییە، لە یانەی لایپزیگی ئەڵمانی یاریی دەکات و یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی ناوی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید دەهێنرێت بۆ ئەوەی بچێتە سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
لوکیبا تەمەنی 21 ساڵە، نرخی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا 40 ملیۆن یۆرۆیە، گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2029 بەردەوامدەبێت و تەمەنیشی 21 ساڵە و بە قاچی چەپ یاری دەکات.
ڤیتۆر رێیس
بەرگریکارێکی بەرازیلییە، تەمەنی 18 ساڵە، لە یانەی پالمێراسی ئەو وڵاتە یاری دەکات، خاوەنی جەستەیەکی بەهێز و توانایەکی زۆرباشە، 1.86 مەتر درێژە و لەگەڵ یانەکەی بە ئاستێکی بەرزەوە دەردەکەوێت.
ناوی یاریزانەکە بە یانەکانی پاریس سانجێرمان، ئارسیناڵ، لیڤەرپوول و چێڵسی بەستراوەتەوە و یەکێکی دیکەیە لە بژاردەکانی ریال مەدرید.
گرێبەستی یاریزانەکە لە هاوینی 2028 تەواو دەبێت، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 100 ملیۆن یۆرۆیە.
ڤالێنتین گۆمێز
ئەم یاریزانە لە هێڵی بەرگری یاری دەکات، تەمەنی 21 ساڵە و ئەرجەنتینییە، 1.80 مەتر درێژە و لە یانەی ڤێلێز سارسفێڵدی ئەرجەنتینی یاری دەکات.
یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی یانەی ریال مەدرید چاودێریی دەکات و بیر لە گواستنەوەی دەکاتەوە، بەتایبەت کە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 10 ملیۆن یۆرۆیە، سەرەڕای ئەوەی گرێبەستەکەی لە هاوینی 2026 کۆتاییدێت.
یانەی ریال مەدرید بەهۆی ئەوەی 8 یاریزانی تووشی پێکانبوون، پێویستی بە یاریزانی نوێ هەیە، رۆژنامەی مارکای ئیسپانی دەڵێت "فلۆرێنتینۆ پێرێز بڕیاریداوە لە گواستنەوەی زستانەدا کار بۆ گرێبەستی نوێ بکات، ئەنچێلۆتیش تاوەکو زستان چاوەڕوان دەبێت و گرێبەست لەگەڵ یاریزانێکی ئازاد واژۆ ناکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ