ئارسیناڵ لە سەردانەکەی ستامفۆرد بریج تۆقیوە

10-11-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پرێمەرلیگ دێربیی لەندەن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەگەرچی لە دۆخێکی باشدا نییە و لە شکستێکی دیکەی ئەورووپییەوە هاتووە، بەڵام ئارسیناڵ ناچارە یەکێک لە رووبەڕووبوونەوە گەورەکانی خۆی لە وەرزەکەی پرێمەرلیگدا ئەنجام بدات، بەرامبەر چێڵسی، تیپێک کە شوێنی ئارسیناڵی لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەدا گرتووەتەوە.
 
یارییەکە ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 19:30 بەکاتی باشووری کوردستان، لە یاریگەی ستامفۆرد بریج هەردوو یانە رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
ئارسیناڵ لە ژێر گوشارێکی زۆردایە، پاش دوو وەرزی لەسەریەک هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانەوەی نازناوی پرێمەرلیگ، پێدەچێت ئەمساڵ، بەپێچەوانەی پێشبینییەکانەوە، تیپەکە توانای ململانێ تاقەتپڕوکێنەکەی خولەکەی نەبێت. ئارسیناڵ لە دە یاریی رابردوویدا تەنیا پێنج یاریی براوەبووە، ئەمە ئارتێتا و یاریزانەکانی خستووەتە ژێر گوشارێکی زۆرەوە.
 
لە بەرامبەر دۆخە خراپەکەی ئارسیناڵدا، چێڵسی لە بردنەوەیەکی گەورەی ئەوروپییانەوە هاتووەتەوە و ئەوەش ورەیەکی بەرزی بە تیپەکە بەخشیوە، لە کاتێکدا راهێنەرەکەی هیواخوازە لە یارییەکاندا خۆی و تیپەکەی لە ژێر گوشاری زۆردابن.
 
ئینزۆ مارێسکا، راهێنەری یانەی چێڵسی، لەبارەی ئارسیناڵەوە دەڵێ، "منیش حەزدەکەم بکەومە ژێر گوشاری یارییەکانەوە. بەلای منەوە گوشار لەسەر هەمووان هەیە، بەڵام بێگومان وەک گوتم، بەلای منەوە سیتی گوشاری زیاتری لەسەرە. پێموایە هەردوو تیپەکە زۆر باشن، جیاوازن لە یانەکانی دیکە و هۆکاری ئەو جیاوازیەش ئەوەیە کە راهێنەری سیتی نۆساڵە لە هەمان یانەیە و ئارسیناڵ پینج ساڵە لەگەڵ هەمان راهێنەرە. ئەمە تایبەتمەندییەکی گەورەیە و هەر ئەوەش وایکردووە ئەوان باشتر لەوانیدیکە دەربکەون، بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین ئەرکەکەیان لەسەر قورس بکەین لە یارییەکەدا".
 
لەوانەیە لە یارییەکەدا، زیاتر لە سەرئێشەیەک چاوەڕێی ئارتێتا و یاریزانەکانی بکات، پێکانە زۆرەکانی تیپەکە و دەرکەوتن لە یاریگەی رکابەردا، خاڵە ناڕەحەتکەرەکان دەبن، بەڵام لەوانەی ئارتێتا ناچاربێت لە یارییەکەدا مامەڵەیەکی تایبەت لەگەڵ کۆڵ پاڵمەریشدا بکات، کە پێشبینیکراوە لە یارییەکەدا بەشداری بکات.
 
میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵ، لەبارەی تواناکانی پاڵمەرەوە دەڵێ، "ئەم پرسیارە وەرزی رابردوو لە هەموو راهێنەرانی خولەکە کرا، من پێموایە پاڵمەر ‌هێشتا توانای کاریگەریی دروستکردن لەسەر یارییەکانی هەیە. بێگومان ئێمە پلانێکمان دەبێت، بەڵام تەنیا بۆ کۆڵ نا، بەڵکو بۆ کەمکردنەوەی کوالیتی و مەترسیی یاریزانەکانیان و هەوڵدەدەین خاڵە لاوازەکانیان بقۆزینەوە وەک هەر تیپێکی دیکە".
 
چێڵسی کە لەگەڵ ئینزۆ مارێسکای را‌هێنەری باشتر لەو دۆخە رێدەکات کە بۆی پێشبینی دەکرا، بۆ دێربییە لەندەنییەکە زۆر ئامادەیە و پاڵنەری گەورەشی بۆ بردنەوە هەیە، ئەویش گەیشتنە بە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکە، کە ماوەیەکی زۆرە تیپەکە خۆی لەو شوێنەدا نەبینیوەتەوە.
 
بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆی نێوانیان، یانەی چێڵسی بەکۆکردنەوەی 18 خاڵ و بەجیاوازیی گۆڵ لە پێنجەمی ریزبەندی پرێمەرلیگە و ئارسیناڵیش بەهەمان ژمارەی خاڵەوە، لە پلەی شەشەمی ریزبەندییەکەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە