رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لە دوای گەرمبوونی دەنگۆکانی گەڕانەوەی نەیمار داسێلڤا بۆ یانەی سانتۆسی بەرازیلی، بەرپرسێکی ئەو یانەیە قسەی لەبارەی دەنگۆکانەوە کرد.
نەیمار داسێلڤای ئەستێرەی بەرازیلی، سەرەتاکانی دەرکەوتنی لە یانەی سانتۆسی بەرازیلی بوو، بەرلەوەی رووبکاتە بارسێلۆنا و پاشان بەدەستەوارەیەکی خەیاڵیی (222 ملیۆن یۆرۆ) روو لە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بکات.
نەیمار، هاوینی رابردوو ریزەکانی سانجێرمانی بەرەو هیلالی سعودی بەجێهێشت.
نەیمار لەسەرەتاکانی دەرکەوتنی لەگەڵ هیلال، دووچاری پچڕانی بەستەری ئەژنۆی بوو و پاش نزیکەی ساڵێک، کاتێک گەڕایەوە ریزەکانی ئەو یانەیە، لە یەکەمین یاریدا دووچاری پێکانبووەوە و ماوەی مانگێک دووردەکەوێتەوە.
پێکانە بەردەوامەکانی نەیمار، دەنگۆی بێزاربوونی بەرپرسانی یانەی هیلالی هێناوەتە ئاراوە. هەندێک سەرچاوە دەڵێن نەیمار خۆیشی دەیەوێت ئەو یانەیە بەجێبهێڵێت و بگەڕێتەوە بەرازیل.
ماریۆ کالڤیس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی سانتۆس، لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی نەیمار بۆ یانەکەی گوتوویەتی، "هەموو سانتۆس خەون بەگەڕانەوەی نەیمارەوە دەبینێت".
ئەو بەڕێوەبەرە، قسەی بۆ رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی کەتەلۆنی کردووە و دەڵێ، "دانوستاندنمان لەگەڵ نەیمار نییە، بەڵام هەموو هاندەرانمان خەون بەگەڕانەوەی ئەو یاریزانەوە دەبینن".
ئەو هەروەها دەڵێ، "پەیوەندی نەیمار لەگەڵ سانتۆس تاوەکو ئێستا زۆر ناوازەیە، ئەو لێرە کاروانی یارییکردنی خۆی دەستپێکرد و گەڕانەوەی ئەو پشت بەوە دەبەستێت، چەندە ویستی بۆ ئەو کارە هەیە و ئاستی لەگەڵ هیلال چۆنە".
کالڤیس هەروەها دەڵێ، "پێموایە بەڕێژەی 60 لەسەد، نەیمار لە دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ هیلال، دەگەڕێتەوە سانتۆس، لەوانەشە بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوەکە، مووچەکەی کەمبکاتەوە، چونکە ئەو سانتۆسی خۆش دەوێت و دەکرێ گەڕانەوەی ئەو، رێگەی بەشداریکردنی بێت لە مۆندیالی داهاتوو لە ئەمریکا".
وێڕای دەنگۆکانی داواکاریی نەیمار لە رۆیشتن لە هیلال و گەڕانەوە بۆ سانتۆس، هەندێک سەرچاوە باسی ئەوە دەکەن، کە نەیمار دەیەوێت پەیوەندی بە ئینتەرمەیامیی ئەمریکییەوە بکات و جارێکی دیکە لەگەڵ لیۆنێل مێسی و لویس سوارێز، لە یەک یانە یاریی بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ