ڤیدیۆ؛ لیڤاندۆڤسکی خەڵاتی باشترین گۆڵکاری ئەوروپای پێدرا

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری پۆڵەندی و یانەی بارسێلۆنا، خەڵاتی پێڵاوی زێڕینی بۆ باشترین گۆڵکاری وەرزی رابردووی خولە گەورەکانی ئەوروپا بردەوە.
 
لیڤاندۆڤسکی لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا کە تێیدا خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا، کارلێس پویۆل، ئەستێرەی پێشووی ئەو یانەیە و چەندین یاریزان و وەرزشوانی دیکەی ئەوروپا ئامادەی بوون خەڵاتەکەی پێدرا.
 
لە وەرزی رابردوودا کاتێک لیڤاندۆڤسکی لە بایرن میونشن یارییدەکرد، یاریزانەکە 35 گۆڵی بۆ یانە ئەڵمانییەکە تۆمارکرد، بەمەش رکابەرییەکەی لە کیلیان ئێمباپێ، کەریم بنزیما و چیرۆ ئیمۆبێلی بردەوە و بووە باشترین گۆڵکاری خولە گەورەکانی ئەوروپا.
 
لیڤا لە رێوڕەسمەکەدا قسەیکرد و گوتی " من زۆر دڵخۆشم لە بارسێلۆنا و شانازی بەوەوە دەکەم کە لێرەم، دڵنیام ساڵی داهاتوو زۆر باشتر دەبێت، ئێستا بارسێلۆنا زیاترە لە یانەیەک، ئەمە بۆ من زۆر زۆر گرنگە، سوپاسی هاوژینەکەم و ماڵباتەکەم دەکەم."
 
هێرشبەرە پۆڵەندییەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی " بۆ من زۆر گرنگە بەخێرایی لە وڵاتێکی نوێ و لە خولێکی نوێ لەگەڵ هاوڕێی نوێ بتوانم خۆم بگونجێنم، بەڵام دەمزانی بەر لەوەی پەیوەندی بە بارسێلۆناوە بکەم پێویستە کار لەسەر ئەمە بکەم، من زۆر یارمەتیم لە هاوڕێکانم لە تیپەکەدا و ستافی راهێنەران وەرگرتووە، ئەمە ئەرکی منی ئاسانتر کردووە، دەمزانی چەند مانگی سەرەتا بۆ من قورس دەبێت، بەڵام پێویستبوو بەردەوام کاربکەم و بەردەوامیش بم، چونکە وەرزێکی درێژمان لە پێشە."
 
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لەبارەی مۆندیالەوە قسەیکرد و گوتی " بۆ هەمووان شتێکی نوێیە کە لە ماوەی وەرزێکدا لە خول و مۆندیالدا یاری بکەن، ئەمە ئەزموونێکی نوێیە، بەڵام ئێمە بۆ ئەوە ئامادەین، ئێمە زۆر دڵخۆشین، چونکە مۆندیال شتێکی گەورەیە، نەک تەنیا بۆ هەڵبژاردە بەڵکو بۆ هەموو یاریزانەکان، زۆر دڵخۆشم کە ئێمە وەک پۆڵەندا بەشدارین لە مۆندیالدا و دەتوانین رکابەری بکەین، هیوادارم ئەمجارە چێژ وەربگرین."