پۆگبا بەنیازە نەگەڕێتەوە مانچێستەر یونایتد

10-11-2021
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
A+ A-
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی ئینگلیزی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند کە پۆڵ پۆگبای فەرەنسی، لەوانەیە جارێکی دیکە درێسی یانەی مانچێستەر یونایتد نەپۆشێتەوە.
 
پۆگبا لە دوایین یاری یانەکەی بەرامبەر مانچێستەر سیتی بەشداری نەکرد، بەڵام دوایین یاری کە پۆگبا لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە ئەنجامیدا، لە چامپیۆنزلیگ بوو بەرامبەر ئاتالانتا و پێشبینی دەکرێت ئەوە دوایین جار بێت کە پۆگبا درێسی مانچێستەر بپۆشێت.
 
پۆگبا لە دوو رۆژی رابردوودا لە رانیدا تووشی پێکانی ماسوولکە بوو، کاتێک لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا سەرقاڵی راهێنان بوو، بەوهۆیەوە بۆ ماوەی دوو مانگ لە یاریکردن دادەبڕێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی: "مانچێستەر یونایتد لە مێرکاتۆی زستانەی داهاتوو، بیر لە فرۆشتنی پۆگبا دەکاتەوە، چونکە یانەکە لە پێکانی بەردەوام و دابەزینی ئاستی یاریزانە فەرەنسییەکە بێزارە.

 

لەوکاتەوەی گرێبەستی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد واژۆ کردووە 13 جار بەهۆی پێکانەوە دابڕاوە و لە 71 یاری یانەکە بێبەش بووە، واتە 449 رۆژ لە یاریکردن و راهێنان بێبەش بووە.
 
لە لایەکی دیکەوە پۆگباش خواسی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نییە و بە مینۆ رایۆلای بریکاری کارەکانی گوتووە: "هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی بۆ یانەی یوڤێنتوس دەست پێ بکات، پۆگبا لەنێوان پاریس و ریال مەدرید، بەنیازە یوڤێنتوس هەڵبژێرێت و دەیەوێت بۆ ماوەی سێ وەرز گرێبەست لەگەڵ یانە ئیتاڵییەکە واژۆ بکات".
 
لە ماوەی رابردوودا یانەی ریال مەدرید خۆی بۆ ئەوە ئامادەکردبوو کە هاوینی 2022 هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی پۆگبا دەست پێبکات، کاتێک ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ مان یونایتد بەسەردەچێت، ئەوکات بەبێ بەرامبەر گرێبەست لەگەڵ پۆڵ پۆگبا دەکات.
 
رۆژنامە بەریتانییەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: "ریال مەدرید لەوانەیە پەنا بۆ گۆڕینی پلانەکەی خۆی ببات و لە مانگی یەکی 2022، هەوڵ بۆ گواستنەوەی یاریزانی ناوبراو بدات، لەترسی ئەوەی لە مێرکاتۆی زستانە بە ئەگەری زۆر، چەند یانەیەکی گەورە دەستەوارەی سەرنجڕاکێش پێشکەشی پۆگبا دەکەن".
 
پۆگبا مەرجێکی قورسی بۆ یانەی مانچێستەر داناوە کە دەبێت خاوەنی بەرزترین مووچەکەبێت لە پرێمەرلیگ، ئەمەش بۆ بەرپرسانی مانچێستەر داوایەکی رەتکراوەیە، مووچەی ساڵانەی پۆگبا نزیک دەبێتەوە لە 16 ملیۆن پاوەند، کە لە ریزبەندی ئەو یاریزانانەی لە مانچێستەر زۆرترین مووچە وەردەگرن، پۆگبا بە پلەی پێنجەم دێت. 
 
پۆگبا ماوەی شەش وەرزە بۆ یانەی مانچێستەر یونایتد یاریی دەکات، پێشتر بۆ ماوەی سێ وەرز لە یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی یاریی کردووە.
 
پۆگبا لەمێژە خەونی بووە بۆ ریال مەدرید یاری بکات، بەتایبەت کاتێک زێدان راهێنەری پێشووی ریال مەدرید لە یانە ئیسپانییەکە بوو، هەر ئەوکات زیزۆ زیاتر لە جارێک داوای لە فلۆرینتینۆ پێریزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید کردبوو، بۆ ئەوەی هەوڵ بۆ گواستنەوەی پۆگبا بدات

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە