ئامارەکان قسە دەکەن.. لە لالیگادا کام یانە زۆرترین سوودی لە ڤار وەرگرتووە؟

10-11-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤار لالیگا
A+ A-

رووداو دیجیتال

دوای تێپەڕبوونی 9 گەڕ بەسەر لالیگادا، پشتبەستنی ناوبژیوانانی خولەکە بە ڤارەوە هەرایەکی زۆری ناوەتەوە.

دوایین ئەو یارییانەی کە دوای تەواوبوونی زۆر باسی ڤار کرا، یاری ڤالێنسیا و ریال مەدرید بوو، کە یەکەمیان 4 - 1 بردییەوە و ناوبژیوانی یارییەکە بە هاوکاری ڤار 3 لێدانی سزای بۆ یانەی شەمشەمە کوێرەکان هەژمارکرد و تەنانەت یەکێکیانیشی دووبارەکردەوە.

رۆژنامەی ئەی ئێسی مەدریدی لە راپۆرتێکدا ئاماژە بە ئامارەکانی ڤار لە لالیگادا دەکات و روونیدەکاتەوە کە کام یانە زۆرترین سوودی لە گەڕانەوەی ناوبژیوانانی لالیگا بۆ ڤار وەرگرتووە و کامیشیان ڤار زۆرترین زیانی پێگەیاندووە، کە تاوەکو ئێستا ناوبژیوانانی لالیگا لە 9 گەڕدا 45 جار گەڕاونەتەوە ڤار، کە ئەو سیستمە 21 لەو حاڵەتانەی کردووەتە لێدانی سزا، 17 حاڵەتیشی بە گۆڵ هەژمارکردووە و 7 حاڵەتیشی بە هەڵە داناوە.

لەو 45 گەڕانەوەیەدا، زۆرترینیان بەشی یانەکانی ریال بێتیس و ئیبار بووە، کە بۆ هەر یەکێکیان 8 جار بووە، ئینجا ڤالێنسیا و ڤایادۆلیدیش، هەریەکێکیان بە 7 جار. بەڵام ئەو یانەیەی کەمترین بەشی هەبووە بارسێلۆنایە، کە ناوبژیوانان بۆ بەرژەوەندی ئەو یانەیە تەنیا دووجار گەڕاونەتەوە لای ڤار.

ئەو یانانەی ڤار زۆرترین یارمەتییانی داوە لە رەتکردنەوەی هەژمارکردنی هەڵە لەدژیان ریال مەدرید، ئیبار، ڤالێنسیا و ڤیاڕیالن، هەریەکێکیان بە 4 بڕیار.

ئۆساسۆنا و کادیزیش ئەو دوو یانەیەن کە کەمترین سوودیان لە ڤار وەرگرتووە، چونکە هیچ بڕیارێک لە بەرژەوەندییان نەدراوە، ئینجا بارسێلۆنا، سێلتا ڤیگۆ، ریال سۆسیداد، ئالاڤێش، ئێلچی، هوێسکا، گرانادا و ریال بێتیس دێن، کە هەریەکێکیان جارێک لە لایەن ڤارەوە بڕیار لە بەرژەوەندییان دراوە.

یانەی ریال بێتیسیش زۆرترین زیانی لە بڕیارەکانی ڤارەوە پێگەیشتووە، کە 5 جار بڕیاری لەدژی داوە، خیتافیش سوودمەندترین بووە، کە ڤار هیچ بڕیارێکی لەدژی نەداوە.

ئەوەی تایبەت بێت بە گۆڵکردنیش، ڤیاڕیال سوودمەندترینە لە رووی رەتکردنەوەی ئەو گۆڵانەی لێیکراون، کە دووجار ڤار گۆڵی لەدژی ئەو یانەیە رەتکردووەتەوە.

ئەو یانانەش کە زۆرترین سوودیان لە ڤار وەرگرتووە بۆ بەدەستهێنانی لێدانی سزا، بریتین لە ریال مەدرید، ئیبار، ڤیاڕیال و ڤالێنسیا، هەروەها ئەو یانانەش کە ڤار زۆرترین لێدانی سزای لەدژیان هەژمارکردووە بریتین لە ریال مەدرید، ڤایادۆلید و ریال بێتیس، هەر یەکێکیان بە 3 لێدانی سزا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە