شەڕ یاریی فەرەنسا و ئیسرائیل دەباتە هەنگاریا

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی فەرەنسا بەبێ کیلیان ئێمباپێ و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی ئیسرائیل دەبێتەوە و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی نەیشنسلیگدا، هەڵبژاردەی فەرەنسا بەبێ ئامادەبوونی کیلیان ئێمباپێ، کە بۆ دوو یاریی داهاتوو دوورخراوەتەوە، رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئیسرائیل دەبێتەوە.
 
فەرەنسا لە دوو یاریی رابردوودا لە پاڵەوانێتییەکەدا بردنەوەیەک و دۆڕانێکی هەیە و خاوەنی سێ خاڵە.
 
بەهۆی گرژییەکانی ئیسرائیل و شەڕ و ئاژاوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی لە هەنگاریا بەڕێوەدەچێت و بە یاریگەی ئیسرائیل هەژمار دەکرێت.
 
ئەمە یەکەم یاریی هەڵبژاردەکەیە، دوای ئەوەی ئانتوان گریزمان، ئەستێرەی بەنێوبانگی هەڵبژاردەکە و یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید وازی لە یارییکردنی نێودەوڵەتی هێنا.
 
بۆ ئەم یارییە لە شوێنی کیلیان ئێمباپێ، ئورلیێن چوامینی دەبێتە کاپتنی هەڵبژاردەکە و فەرەنسا چاوی لە بردنەوەی دووەم دەبێت لە رکابەرییەکەدا.
 
دیدێ دیشام، راهێنەری فەرەنسا، بەر لە یارییەکە گوتی "سەبارەت بە بڕیاری ئانتوان گریزمان بۆ وازهێنان لە یاری نێودەوڵەتی، بڕیارەکە لە دەست ئەو بوو و پێویست ناکات بگەڕێینەوە سەر ئەو بابەتە، بەڵام سەبارەت بە کیلیان ئێمباپێ، بۆ ئەویش بڕیارەکە لە دەست ئەو بوو، بەڵام من بڕیارمدا ئەو بانگهێشت نەکەم، ئەو لە پشووی کۆتایی هەفتە یارییکرد، بەڵام بە توانای جەستەیی زۆرباشەوە نا، ئەمە ئەو بڕیارە بوو کە هاوشێوەی هەموو راهێنەری هەڵبژاردەکان پێویستە بڕیاری لەبارەی هەندێک یاریزانەوە بدەین کە پێویستە لە کوێ بن."