ئیتاڵیا بۆ سێیەم بردنەوەی لەسەریەک میوانداری بەلجیکا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی نەیشنسلیگ بەڕێوەدەچن، لە یاریی لووتکەدا هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بە ئامانجی بەدەستهێنانی سێیەم سەرکەوتنی لەسەریەک میوانداریی بەلجیکا دەکات.
 
هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە کۆڤێرسیانۆ دوایین مەشق و راهێنانەکانی لەژێر سەرپەرشتی لوچیانۆ سپالێتی ئەنجامدا، ئەمشەو لە یاریگەی ئۆڵیمپیکۆ لە رۆما میوانداریی بەلجیکا دەکەن.
 
بۆ ئەم یارییە سپالێتی چەند ناوێکی نویێ لە لیستی یاریزانەکانی زیادکردووە، دیارترینیان دانیێلی ماڵدینی، کوڕی پاوڵۆ ماڵدینی ئەستێرەی پێشووی میلانە.
 
هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە دوو یاریی رابردوودا سەرکەوتنی بەرامبەر فەرەنسا و ئیسرائیل بەدەستهێناوە و پێشەنگی کۆمەڵەی دووەمی لە ئاستی یەکەم گرتووە و دەیەوێت سێیەم بردنەوەی لەسەریەک تۆماربکات.
 
دوای چوار رۆژی دیکە، ئازووری لە یارییەکی دیکەدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیسرائیل یاری دەکات.
 
هەڵبژاردەی بەلجیکا، سەرەڕای ئەوەی پێکهاتەیەکی پڕی لە ئەستێرەی بەنێوبانگ هەیە، بەڵام لە دوو یاریی رابردوودا تەنیا یەکەم بردنەوەی تۆمارکردووە و ئەمشەو لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەیەوێت بەرامبەر ئیتاڵیا بە ئەنجامێکی باشەوە بگەڕێتەوە.
 
بەلجیکا دوایین مەشقەکانی لە وڵاتەکەی ئەنجامدا و پاشان بەرەو رۆما بەڕێکەوت، بۆ ئەنجامدانی یاریی گەڕی سێیەم بەرامبەر ئیتاڵیا.
 
هەڵبژاردەی بەلجیکا هەرچەند لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاری دەکات، بەڵام بە پشتبەستن بە ئەستێرەکانی وەکو جێریمی دوکۆ، لیاندرۆ ترۆسارد، یۆری تێلیمانس و ئەستێرەکانی دیکە دەیەوێت بردنەوە تۆماربکات.
 
بەلجیکا ئێستا بردنەوەیەک و دۆڕانێکی هەیە، دوای چوار رۆژی دیکە لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر فەرەنسا یاری دەکات.