ئینگلتەرا بەبێ هاری کەین یاریی لووتکە بەرامبەر یۆنان دەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئینگلتەرا نەیشنسلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆڵ پاڵمەر سەرکردایەتیی دوایین مەشقەکانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرای کرد بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ یارییەکەی بەرامبەر یۆنان، لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی نەیشنسلیگ.
 
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، بەبێ ئامادەبوونی هاری کەین، دوایین مەشقەکانی بۆ یارییەکە لە سانت جۆرج پارک ئەنجامدا و ئەمشەو لە یاریگەی وێمبڵی رووبەڕووی یۆنان دەبێتەوە.
 
کۆڵ پاڵمەر دوای چەند کاژێرێکی کەم لە دەستنیشانکردنی وەکو باشترین یاریزانی ئینگلیزی بۆ وەرزی رابردوو، بەشداریی لە دوایین مەشقەکاندا کرد و ئەمشەو دەیەوێت درێژە بەو ئاستە بەرزەی بدات کە لەم وەرزەدا پێشکێشیکردووە.
 
جگە لە هاری کەین، جاک گرێلیش لە مەشقەکانی رۆژی سێشەممەدا ئازاری پێگەیشتووە و بە ئەگەری زۆرەوە بەشداری لە یارییەکەی ئەمشەودا ناکات.
 
رۆژی سێشەممە ناوی هەریەکە لە کۆرتیس جۆنس و تینۆ لیڤرامینتۆ بۆ لیستی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا زیادکرا، بۆ ئەوەی شوێنی یاریزانە پێکراوەکانی هەڵبژاردەکە پڕبکەنەوە.
 
ئینگلتەرا و یۆنان هەردووکیان لە دوو یاریی رابردوودا شەش خاڵیان کۆکردووەتەوە و ئەمشەو رکابەری لەسەر پێشەنگی کۆمەڵەی دووەمی ئاستی دووەم دەکەن.
 
لی کارسلی، راهێنەری کاتیی ئینگلتەرا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە لەبارەی بەشداریکردنی هاری کەین لە یارییەکەدا گوتی "هاری کەین پێکانی هەیە، بەرکەوتنێکی بچووک بووە و نامەوێت بەرامبەر یۆنان سەرکێشی پێبکەین، شەوی رابردوو گفتوگۆیەکی نایابم لەگەڵ جۆن ستۆنز کردووە و ئەو بەرپرسیارەتی کاپتنی تیپەکە هەڵدەگرێت و داوای لێدەکەم ئەوە بکات، ئەو شایستەی نیشانەی کاپتنییە، ئەزموونی زۆری هەیە بەو ئاستە پیشەگەرییەی لەنێو هەڵبژاردەکەدا پێی دەرکەوتووە، هەروەها نموونەیەکە بۆ یاریزانە گەنجەکان."
 
راهێنەری ئینگلتەرا ستایشی پالمەر دەکات و دەڵێت "کۆڵ پاڵمەر لە دۆخێکی جەستەیی و هونەریی زۆرباشدایە و تاوەکو ئەم هەفتەیەش بەردەوامە، ئەو یاریزانێکی زۆر نایابە، چوار پێنج ساڵە کاری لەگەڵ دەکەم، بۆیە کۆڵم لەگەڵ چەند هێرشبەرێکی دیکە لە پێکهاتەی سەرەکیدا داناوە، بەڕاستی چاوەڕێی یارییەکی بەهێز دەکەین بەرامبەر یۆنان، هیوادارم ئاستێکی باش پێشکێشبکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە