تایبەت بە رووداو.. یاریزانانی دهۆک هەڕەشە دەکەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی دهۆک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک 12 رۆژ بەر لە دەستپێکردنی رکابەرییەکانی جامی کەنداو، لە دۆخێکی خراپدایە و یاریزانە پیشەگەرەکانی یانەکە هەڕەشەی بایکۆتکردنی مەشقەکانی یانەکە دەکەن.
 
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، یاریزانە پیشەگەرەکانی یانەی دهۆک بەهۆی وەرنەگرتنی پارەی پێشەکی گرێبەستەکانیان و وەرنەگرتنی مووچەکانیان، سێ رۆژ موڵەتیان داوەتە یانەکە، ئەگەر مووچەکانیان پێنەدرێت بایکۆتی مەشقەکان دەکەن.
 
دیارترین لەو یاریزانانەی داوای پێشەکی گرێبەستەکانیان و مووچەکانیان دەکەن، پیتەر گورگیس، ماسیس ئارتێن، یانیک زاکیری، جیلبێرت و لوکاس مۆسیسن، بەشێکیان نامەیان بۆ بەڕێوەبەری کارەکانیان ناردووە و داوای پێدانی مووچەکانیان دەکەن.
 
خالید موشیر، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی دهۆک بە رووداوی گوت "ئەمڕۆ بەیانی لە کاتی چوونیان بۆ مەشقەکان لەنێو هۆڵی لەشجوانیدا، بەهەمان هۆکارەوە بەشێکی یاریزانەکان بەشدارییان لە راهێنانەکاندا نەکردووە، نەدانی پێشەکی گرێبەستەکانیان و مووچەی مانگانەیان کاریگەرییەکی خراپ لەسەر تیپەکە دروست دەکات."
 
دروستبوونی ئەم کێشەیە لە یانەی دهۆک لەکاتێکدایە، یانەکە خۆی بۆ رکابەرییەکانی جامی کەنداو ئامادەدەکات، رۆژی 22ـی ئەم مانگە لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی ئەهلی سەنعای یەمەنی یاری دەکات.
 
سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی دهۆک لە رێگەی رووداوەوە داوای هاوکاریی بەپەلە بۆ یانەکە دەکات، بۆ ئەوەی کاریگەری نەرێنی نەکاتە سەر دۆخی یانەکە و یاریزانە پیشەگەرەکان و هەموو تیپەکە بەباشترین شێوە بۆ پاڵەوانێتییەکە ئامادەبێت.
 
لەبارەی ئامادەکردنی یاریگەی دهۆک بۆ یاریی یەکەمی جامی کەنداو، خالید موشیر بە رووداوی گوت "چیمەنەکە نزیکە بگات و یاریگەکە بۆ یەکەم یاریی رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە ئامادەدەبێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە