کارلۆ ئەنچیلۆتی: هەر رۆژێکمان بێ کارڤاخال مردنێکە


رووداو دیجیتاڵ

پێکانی قورسی دانی کارڤاخال و دوورکەوتنەوەی زۆری لە پێکهاتەی ریال مەدریدی ئیسپانی، کێشەیەکی قووڵی لە ژووری جلگۆڕینی یانەکەدا دروستکردووە.
 
کارڤاخال، پاش بەرکەوتنی یریمی پینۆی یاریزانی ڤیاریال، لە یاریی نێوان هەردوو یانە لە لالیگا، رۆژی شەممەی رابردوو دووچاری پێکانێکی قورس بوو.
 
ئەگەرچی بەرپرسانی ریال مەدرید ئومێدیان دەخواست پێکرانی ئەو یاریزانە زۆر قورس نەبێت، بەڵام دەرکەوت کە بەستەرەکانی ئەژنۆی پچڕاون و بەوەش دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری پێویستی بە هەشت تاوەکو دە مانگ هەیە بۆ گەڕانەوە.
 
رۆژنامەی 'مارکا'ی ئیسپانی، تیشکی خستووەتە سەر کاریگەریی ئەو یاریزانە لە نێو یاریگە و دەرەوەی یاریگە، بەتایبەت لە ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی تیپەکە و ئەو کاریگەرییەی دوورکەوتنەوەکەی بەجێیدەهێڵێت.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، دوای پێکرانی ئەو یاریزانە بەبەرپرسانی یانەکەی گوتووە، "هەر رۆژێکمان بێ کارڤاخال مردنێکە".
 
رۆژنامەکە دەڵێ بایەخ و کاریگەریی دانی لەسەر تیپەکە بەدرێژایی هەفتەکانە نەک تەنیا رۆژی یارییەکان.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، هەموو یارییەک لەمەودوا، یاریزانانی ریال مەدرید خۆیان بەبێ باشترین بەرگریکەری باڵی راست لە جیهاندا دەبیننەوە، ئەو کەسێک بوو هەموو کات یاریزانانی دیکەی والێدەکرد لە ئامادەباشیی بەردەوامدابن، "ئەو زۆر بەجۆشوخرۆش بوو، لێدانی بۆ گۆڵ هەبوو، وایدەکرد هەمووان چالاکانە بێنە مەشقەکان و یارییەکان".
 
رۆژنامەکە دەڵێ، کارڤاخال ئەو یاریزانە ناوازەیەیە کە هەموو راهێنەرێک حەز بەبوونی دەکات لە ژووری جلگۆڕیندا، چونکە هەستی پۆزەتیڤ دەبەخشێت بەهاوڕێکانی، لەگەڵ هەموواندا کارلێک دەکات، بەکورتی ئامادەنەبوونی، گورزێکی کوشندەیە بۆ ریال مەدرید.
 
جیا لە کارڤاخال، ئەنچیلۆتی لەماوەی رابردوودا چەندین یاریزانی کاریگەری لەدەستداوە کە هاوسەنگیی گەورەیان لە ژووری جلگۆڕینی یانەکەدا دروستدەکرد، لەوێنەی ناچۆ، خۆسیلۆ و تۆنی کرووس، کە کاریگەریی گەورەیان بەسەر ژووری جلگۆڕینەوە هەبوو.