یاریزانێکی پێشووی پرێمەرلیگ بە شێوەیەکی تراژیدی گیانی لەدەستدا

 

رووداو دیجیتاڵ

جۆرج باڵدۆک، یاریزانی یۆنانی و ئەستێرەی پێشووی شێفیڵد یونایتد لە مەلەوانگەی ماڵەکەیدا بە مردوویی دۆزرایەوە.

ساڵی 2024 باڵدۆک رووی کردە ریزەکانی یانەی پاناسیناکۆسی یۆنانی و گرێبەستێکی سێ ساڵی لەگەڵ یانەکە واژۆ کرد، ئەو یاریزانە پێشتر لە ریزەکانی یانەی شێفیڵد یونایتد لە پرێمەرلیگ یاریکردووە، لە دایکبووی بەریتانیایە، بەڵام ساڵی 2022 بڕیاریدا یاری بۆ هەڵبژاردەی یۆنان بکات.
 
باڵدۆک لە گەڕەکی گلیفادای شاری ئەسینا لە ڤێلایەکدا دەمایەوە، شەوی چوارشەممەی رابردوو، هاوژینی ئەو یاریزانە کە لە ئینگلتەرا دەژی هەوڵدەدات پەیوەندی پێوە بکات، بەڵام بۆ چەند کاژێرێک هیچ وەڵامێکی نابێت، راستەوخۆ پەیوەندی بە خاوەنی ڤێلاکە دەکات بۆ ئەوەی دڵنیا بێتەوە لە تەندروستی باڵدۆک.
 
دوای ئەوەی خاوەنی ڤێلاکە بە دوایدا دەگەڕێت و لاشەکەی لەناو مەلەوانگەی ڤێلاکە دەیدۆزێتەوە، پێدەچێت زیاتر لە چەند کاژێرێک لەوێ بووبێت، پەیوەندی بە فریاکەوتنەوە دەکات، پۆلیس و ئەمبوڵانس دەگەنە شوێنەکە و هەوڵدەدەن فریاگوزاری سەرەتایی بۆ بکەن، بەڵام دەردەکەوێت کە باڵدۆک گیانی لەدەستداوە.
 
خێزانی باڵدۆک رایانگەیاند "بە فەرمی رایدەگەنین کە باڵدۆک کۆچی دوایی کردووە و ئێمە لە شۆکداین، داوا لە میدیاکان دەکەین رێز لە ژیانی تایبەتی ئێمە بگرن".
 
یانەی شێفیڵد یونایتد لە بڵاوکراوەیەکدا بەهۆی ئەو رووداوەوە، رایگەیاند "یانەی وەرزشی شێفیڵد یونایتد لە شۆکدایە و زۆر خەمبارە بە هەواڵی کۆچی دوایی یاریزانی پێشوومان، جۆرج باڵدۆک، ئەو یاریزانە حەوت ساڵ لە براماڵ لەین یاری کردووە و زۆر ناسراو بووە لەلایەن هاندەران و ستاف و یاریزانانمان".
 
یانەی پاناسیناکۆسیش رایگەیاند "خێزانی پاناسیناکۆش خەمبارە بەم هەواڵە و لەگەڵ خێزانی باڵدۆک دەمێنینەوە".
 
جۆرج باڵدۆک 12 یاری بۆ هەڵبژاردەی یۆنان ئەنجامداوە، ئەو هەڵبژاردەیە بە فەرمی داوای ئەوەی کردووە کە یاریزانەکانی پەڕۆی رەش لە قۆڵیان ببەستن لە یاریی داهاتوویاندا وەک هاوخەمی دەربڕین بۆ کۆچی دوایی باڵدۆک، کە چوارشەممەی رابردوو لە تەمەنی 31 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.