یەکەم دیاریی کڵۆپ، رێدبۆڵ یانەی پاریس دەکڕێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، کۆمپانیای 'رێدبۆڵ'ی گەورە بەرهەمهێنەری خواردنەوە گازییەکان، بڕیاریداوە یانەیەکی نوێی وەرزشی بکڕێتەوە، ئەمەش پاش چەند کاژێرێکی کەم لە دەستنیشانکردنی یۆرگن کڵۆپ بەسەرۆکی کەرتی تۆپی پێ لە کۆمپانیاکە.
 
کۆمپانیای رێدبۆڵ، دوێنی گرێبەستکردنی لەگەڵ کڵۆپ بۆ بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی تۆپی پێ لە کۆمپانیاکە لە ماوەی داهاتوودا راگەیاند. ئەوە دەبێتە یەکەم پۆست کە کڵۆپ لەدوای بەجێهێشتنی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزییەوە لە مانگی حەوتی ساڵی رابردوو، وەریدەگرێت.
 
رۆژنامەی 'لیکیپ'ی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، رێدبۆل، رێکارەکانی کڕینەوەی یانەی پاریس بۆ تۆپی پێی تەواوکردووە، کە لە خولی پلە دووی فەرەنسا یارییدەکات.
 
بەپێی هەمان سەرچاوە، لە چەند کاژێری داهاتوودا کڕینەوەی یانە وەرزشییەکە لەلایەن کۆمپانیاکەوە رادەگەیێنرێت، بەهاوکاریی لەگەڵ ماڵباتی ئارنۆ کە خاوەنی کۆمپانیای LVMH ە کە یەکێکە لە گرانبەهاترین براندەکانی بازرگانی لە جیهاندا.
 
رێدبۆڵ، وەک رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، پلانی گەورەی هەیە بۆ گەشەپێدان و گەورەکردنی یانە فەرەنسییەکە و کردنی بەیەکێک لە یانە گەورەکانی فەرەنسا، پاشئەوەی بۆ چەندین ساڵ ئەو یانەیە لە پلەکانی خوارەوەی خولی فەرەنسا مایەوە.
 
یانەی پاریس، دەبێتە بەشێکی دیکە لەو یانانەی رێدبۆل خاوەندارێتییان دەکات، وەک لایپزیگی ئەڵمانی، سالزبۆرگی نەمساوی و نیۆیۆرکی ئەمریکی.
 
کۆمپانیای رێدبۆڵ بۆ خواردنەوە گازییەکان، ساڵی 1987 دامەزراوە، سێیەم گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی خواردنەوە گازییەکانە لە جیهاندا، ساڵی 2023 سەرمایەکەی 12 ملیار دۆلار بووە.