ئێدین هازارد بڕیارە قورسەکەی دا

رووداو دیجیتاڵ

 

ئیدین هازارد، یاریزانی بەلجیکی، دوای کاروانێکی وەرزشی سەرکەوتوو، ئەمڕۆ سێشەممە، بڕیاریدا بەیەکجارەی واز لە یاری تۆپی پێ بهێنێت.
 
یاریزانە بەلجیکییەکە لە هاویندا ریزەکانی یانە ریال مەدریدی بەجێهێشت بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی ئەو دەستەوارانەی کە پێشکیشی دەکرێن، بەڵام لە کۆتاییدا وازهێنانی لە تۆپی پێی هەڵبژارد.
 
ئەستێرە بەلجیکییەکە، لە پەیامێکدا وازهێنانی یەکجارەکی خۆی لە یاریکردن راگەیاند، کە لە پەیامەکەیدا هاتووە "پێویستە گوێ لەخۆت بگریت و بڵێیت لە کاتی گونجاودا بوەستە، دوای 16 ساڵ و ئەنجامدانی زیاتر لە 700 یاری بڕیارمداوە کۆتایی بە ژیانی وەرزشیی خۆم بهێنم، وەک یاریزانێکی پیشەگەری تۆپی پێ".
 
ئاماژە بەوەش دەکات "توانیم خەونەکەم بەدیبهێنم، لە زۆر لە یاریگاکانی جیهان یاریم کرد و کاتێکی خۆشم بەسەربرد، لە ماوەی ژیانی وەرزشیمدا بەختم هەبوو بەڕێوەبەر و راهێنەر و هاوڕێی نایاب بناسم، سوپاس بۆ هەمووان بۆ ئەو کاتە ناوازانە، بیری هەمووتان دەکەم".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، هازارد دەڵێت "هەروەها دەمەوێت سوپاسی ئەو یانانە بکەم کە یاریم بۆ کردوون: لیل، چێڵسی و ریال مەدرید، سوپاسێکی تایبەت بۆ ماڵباتەکەم، هاوڕێکانم و راوێژکارەکانم و ئەو کەسانەی کە لە خۆشی و ناخۆشیدا لە منەوە نزیک بوون".
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید، دەڵێت "لە کۆتاییدا زۆر سوپاس بۆ هاندەرانم، کە ئەم هەموو ساڵە هانیان داوم، سوپاس بۆ هاندانی ئێوە لە هەر شوێنێک کە یاریم کردووە. ئێستا کاتی ئەوەیە چێژ لە ئازیزانم وەربگرم و ئەزموونی نوێم هەبێت، بەم زووانە لە دەرەوەی یاریگە دەتانبینمەوە هاوڕێکانم”.
 
یاریزانە بەلجیکییەکە لە ماوەی ژیانی وەرزشیدا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا، بەشداری لە 623 یارییدا کردووە و توانیویەتی 167 گۆڵ تۆماربکات و 157 ئاسیستی هەبووە.