ئامەدسپۆر لەنێو 19 یانەدا یەکەمە

10-10-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئامەدسپۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆری باکووری کورستان، بەباشترین کاتەکانیدا تێدەپەڕێت و سەرەڕای ئەو بەربەستانەی دەخرێنە بەردەم یانەکەش پێشەنگی ریزبەندە.
 
ئامەدسپۆر لەم وەرزەی خولی پلە دووی تورکیا، لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی سووردا یارییدەکات، دوای 7 یاری یانەکە هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکەی گرتووە.
 
یانەکەی باکووری کوردستان، لە 7 یاریی رابردووی خولەکەدا، 6 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە یارییەکدا یەکسانبووە، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، دوای 7 گەڕەکە 19 خاڵی کۆکردووەتەوە و پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە و سێ خاڵ لە یانەی کاستامۆنوسپۆری دووەمەوە دوورە.
 
تیپەکە کەسک و سوورەکەی ئامەد، 14 گۆڵی تۆمارکردووە و خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە لە خولەکەدا، جگە لەوەش تەنیا 3 گۆڵی لێکراوە و بەهاوبەشی لەگەڵ یانەی ئیگدەر خاوەنی بەهێزترین هێڵی بەرگرییە.
 
یانەی ئامەدسپۆر لەکاتێکدا ئەم ئاستە بەرزە پێشکێشدەکات، کە لە یارییەکانی دەرەوەی یاریگەی خۆیان رێگە بە ئامادەبوونی هاندەرانیان نادرێت، وەرزی رابردووش یانەکە چەندینجار لە یاریگە جیاوازەکانی تورکیادا رووبەڕووی رەگەزپەرستی بووەوە، لە ماوەی رابردووشدا بە بیانووی رێزنەگرتن لە سروودی نیشتمانیی تورکیا چەندین هاندەرانی یانەکە دەستگیرکراون.
 
یاریی داهاتووی یانەی ئامەدسپۆر لە رکابەرییەکانی گەڕی هەشتەمی خولی پلە دووی تورکیا بەرامبەر یانەی کارامان سپۆر دەبێت، کاتێک رۆژی 18ـی ئەم مانگە کاژێر 15:00 بەکاتی باشووری کوردستان لە یاریگەی یەنی کارامان رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
کارامان ئێف کەی، تیپێکی بەهێز نییە، لەم وەرزەی خولەکەدا لە 7 یارییدا تەنیا یەک یاریی بردووەتەوە و لە پلەی چواردەیەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 6 خاڵ.
 
خولی پلە دووی تورکیا بەبەشداریی 38 یانە بەڕێوەدەچێت، یانەکە کراونەتە دوو کۆمەڵە، کۆمەڵەی سپی و کۆمەڵەی سوور و هەر کۆمەڵەیەک لە 19 یانە پێکدێت.




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە