دیشامپ: مەحاڵە بتوانین ئیسپانییەکان لە کۆنترۆلی تۆپ بێبەش بکەین

رووداو دیجیتاڵ

 

دیدی دیشامپ، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، دووپاتیکردەوە کە هیچ بایەخ بەوە نادات کە هەڵبژاردەکەی بە بەربژێری بەهێز بۆ بردنەوەی نازناوی نەیشنلیگ دانراوە، گوتیشی "مەحاڵە بتوانین ئیسپانییەکان لە کۆنترۆلی تۆپ بێبەش بکەین".
 
ئەمشەو کاژێر 21:45 بە کاتی باشووری کوردستان، یاریی کۆتایی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا، لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و فەرەنسا بەڕێوەدەچێت.
 
راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و دووپاتیکردەوە کە لای ئەو گرنگ نییە کە تیپەکەی بەربژێر کراوە بۆ بەدەستهینانی نازناوی پاڵەوانێتییەکە و گوتی "ئەو هەرگیز یارمەتیمان نادات بۆ بردنەوە لە ئیسپانیا و بەدەستهێنانی نازناوەکە، بۆیە ئەوە لای من گرنگ نییە".
 
ئەو لەبارەی رکابەرکەشیانەوە گوتی "مەحاڵە بتوانین تیپی رکابەرمان لە کۆنترۆڵکردنی تۆپ بێبەش بکەین، دەتوانین لەو پێناوەدا کاربکەین، دەتوانین گوشاریان بخەینەسەر، بەڵام نەک بە هەموو رێگەیەک، ئەوانیش ئاستێکی بەرزیان پێشکەش کردووە لە بەرامبەر ئیتاڵیا و توانیان گوشارێکی زۆر بخەنە سەر گۆڵی ئیتاڵییەکان".
 
راهێنەری هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکان، کە لەگەڵ تیپەکەیدا نازناوی مۆندیالی 2018ـی بردووەتەوە و وەک یاریزانیش نازناوی مۆندیالی 1998ـی بەدەستهێناوە، پەسنی ئەنتوان گریزمانی یاریزانەکەی دا، کە ئەمشەو دەبێتە خاوەنی 100 یاریی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا و گوتی "سەیری چالاکییەکەی و ئەو گۆڵانەی بکەن کە تۆماریان دەکات، هەروەها ئاسیستەکانی ببینن، ئەو ئاستێکی بەرز و جیاواز بۆ فەرەنسا پێشکەش دەکات.
 
دیشامپ دڵخۆشیی خۆیشی نیشاندا، کە دوای توشبوونی ئادریان رابیۆ ئەنجامی پشکنینی کۆرۆنای سەرجەم یاریزانەکانی نێگەتیڤ بووە و گوتی "ئێمە ئارامترین، چونکە ئەنجامی پشکنینەکانمان هەمووی نێگەتیڤ بووە".